دۆناڵد ترەمپ لە ئیماراته

7 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای سەردانەکانی بۆ سعودیە و قەتەر گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ کەنداو هێنا. شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لە پێشەنگی ئەو کەسانەدا بوو کە پێشوازییان لێدەکرد.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات سەردانەکەی بە بڕگەیەکی گرنگ لە ڕێبازی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی دوو قۆڵی وەسفکرد، بەهێزکردنی لەهەموو بوارە جیاوازەکاندا بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا.
سەردانەکە بەرجەستەی "قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانە کە نزیکەی نیو سەدەی نێوان هەردوو وڵات درێژەی کێشاوە، پاراستنی هێز و گەشەسەندنی بەردەوامیان، لەکاتێکدا ئیمارات گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەپێی وەزارەتی ئابووری ئیمارات".
پەیوەندی دیپلۆماسی دوو قۆڵی دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ساڵی 1971 دامەزرا، باڵیۆزخانەی ئیمارات لە واشنتۆن لە ساڵی 1974 دەستبەکار بوو،
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی لە هەمان ساڵدا کرایەوە. هەماهەنگی ئیمارات و ئەمریکا چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت، دیارترینیان گەشەپێدان، سیاسەت، ئاسایش، ئابووری، بازرگانی، و هاوکاری سەربازی، هەروەها هاوبەشی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام.
