ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئیستەنبوڵ قەیرانی ئەتۆمیی تاوتوێ دەکەن

3 مانگ لەمەوپێش
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەڵام دانوستانێک لەگەڵ تاران لە ئارادا نابێت، بەڵکو تەنیا کۆبوونەوەیەک سازدەکرێت کە تەوەری سەرەکییەکەی لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێرانە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش پشتڕاستیکردەوە، کە گفتوگۆکانی سێ وڵاتی ئەورووپی و ئێران لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانی ئەتۆمیی ئێران لە بارودۆخێکدا کە کات کەمە.
پێشتر چوار خولی کۆبوونەوە لەنێوان جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەرانی سیاسیی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەچووە، کە بە گوتەی دیپلۆماتکارانی ئەورووپی، بێ ئەنجام بووە.
بەرلین، پاریس و لەندەن هەڕەشەیان کردووە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران، گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران چالاک دەکەن.

