عێراقچی: پێشنیارى ئەمریکامان پێنەگەیشتووە لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی

8 كاتژمێر لەمەوپێش




عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: تاران هیچ پێشنیارێکی نووسراوی لە ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێنەگەیشتووە.

ئەمەش تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران پێشنیارێکی لەو شێوەیەی پێگەیشتووە.

وەزیرى دەرەوەى ئێران لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوەو ئەوەشى زیادکرد کە ئێران هیچ پێشنیارێکی پێ نەگەیشتووە، "چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ".

عەباس عێراقچى لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى خستوەتە ڕوو: لە هەمان کاتدا ئەو پەیامانەی کە دەگەنە ئێمە، و دەگەنە جیهان، بە سەرلێشێواوی و ناکۆکی دەمێننەوە.

سەرەڕای ئەوەش ئێران بە بڕوا و ڕوون لە هەڵوێستی خۆیدا دەمێنێتەوە: ڕێز لە مافەکانمان بگرن، سزاکانتان هەڵبگرن، ئێمەش دەگەینە ڕێککەوتن.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە "هیچ سیناریۆیەک نییە کە ئێران دەستبەرداری مافی ڕەوای و بەدەست هێنراوی خۆی بێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە، کە مافێکە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بۆ هەموو ئەندامەکانی دەستەبەر کراوە".

عێراقچى لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیویەتى: ئێمە هەمیشە پێشوازی لە گفتوگۆ دەکەین کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بێت، هەمیشەش هەر دیکتاتۆرێک یان سەپاندنێک ڕەتدەکەینەوە.

دەشڵێت: گەلی مەزنی ئێران بە باشی هێزو ئیدارەی خۆیان لەبەرامبەر ئەوانە نیشاندا كە هەوڵیاندا هەژموونی خۆیان بسەپینن؛ ئێمە هەمیشە پێشوازی لە گفتوگۆ دەكەین لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەكتر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار