زێلێنسکی دوای دیدار لەگەڵ ئەردۆغان بڕیار لەسەر دانوستان لەگەڵ ڕوسیا دەدات

8 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک بەئاژانسى تاسلا ڕاگەیاندووە، پێش دانوستانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا له ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی نێوان زیلینسکى سەرۆکى ئۆکرانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆکارى تورکیا لەئەنقەرە دەبێت.
بەوتەى ئەو سەرچاوەیە زیلینسکى پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئەردۆغان لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا بەرپرسێکی ئۆکراینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە زێلێنسکی دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بڕیارێک سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ڕوسیا لە ئەستەنبوڵ دەدات.
ڕووسیا شاندێکی لە یاریدەدەر و جێگری وەزیرەکانی ڕەوانەی ئەستەنبوڵ کرد بۆ وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا.
یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٢ەوە بەڕێوەچوو، هەرچەندە ڕێکخستنەکانی کۆبوونەوەکە کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ناگرێتەوە، تا ئێستا ڕوون نییە.
زێلێنسکی داوای لە هاوتا ڕووسیەکەی کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە بێتە ئەستەنبوڵ بۆ کۆبوونەوەکە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کاتە ئامادە دەبێت لەگەڵیدا کۆببێتەوە.
بەڵام ناوی پوتین نەخراوەتە لیستی بەشداربووانەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن کرێملینەوە بڵاوکرایەوە، دوای ئەوەی پێکهاتەی شاندەکە تا کۆتا خولەک بە نهێنی هێڵدرایەوە.
زێلێنسکی داوای لە پوتین کردبوو کە "بە شێوەیەکی شەخسی" بەشداری ئەم دانوستانانە بکات، ئەمەش دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
