ئەحمەد شەرع سەردانى بەغدا ناکات

21 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڕاوێژکارێکی محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا داوای لێبوردنی کردووە لە بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا ئامادە نابێت.

لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە سەرۆک و دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربن.

عەدنان سەرراج، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند: شەرع داوای لێبوردنی کردووە کە بەشدار نابێت لە لووتکەکەدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سووریا لەسەر ڕووداوەکانی ئەم  دواییەی نێوان عەلەوی و درووزەکان لە لووتکەکەدا سەرکۆنە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵی عەرەبیەى ڕاگەیاندووە، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەجیاتی سەرۆککۆمار ئامادە دەبێت.

ئەمڕۆ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، ڕایدەگەیەنێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوەزری سووریا لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن لە لووتکەی عەرەبی بەغدا، داواشی لێ دەکەن سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق. 

هەروەها وتیشى:هاتنی شەرع بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد سەرچڵییە، سەردانی شەرع  بۆ بەغداد بە تەواوی رەتدەکەمەوەو لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەوەم وتووە. 

بانگهێشتکردنی شەرع کاردانەوەی لایەنە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە شەرع پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە فەرمانی دەستگیر کردنی هەبووە، بە تۆمەتی شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2003 لە سەربەندی هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق.

ئەحمەد شەرع، پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراو بوو، پێشتر لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق شەڕی دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق کردووە و دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە، دوای ئەوەش لەو ڕێکخراوە جیابووەوە و گرووپێکی چەکداریی بە ناوی "جەبهەی نوسرە" دامەزراند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار