ئێن بی سی: پەیوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆ گرژی تێکەوتووە

23 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسانی ئەمەریکا بە کەناڵی ئێن بی سییان ڕاگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ هێزێکی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕاپپۆرتێکدا کەناڵى ئێن بی سی لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند پەیوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا گرژی تێکەوتووە، ناکۆکی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گەشەسندندایە لەبارەی پرسی غەزە و ئێران.
هەروەها ئەو بەرپرسانە، دەڵێن: تەنها لە هەفتەی رابردوو ترەمپ دوو جار لێدوانی داوە کە نەتانیاهۆی بێزار کردووە.
بەرپرسانی ئەمەریکا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشیان زیادیان کرد: ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادار کردەوە کە ئێستا "کاتی ئەوەیە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوببرێت، ناتانیاهۆ چەند جارێک ئەوەى خستوەتەڕوو کە دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کات بەفیڕۆدانە.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە ترامپ ئامادەیی خۆی بۆ ئێران دەربڕی کە بەرنامەی ئەتۆمی بپارێزێت.
لە کاتێکدا واشنتۆن و تاران گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی وڵاتەکەی کرد کە ئێران خاوەنی "مەترسیدارترین چەکی جیهان" بێت.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ساعر لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە بۆ مەترسیدارترین ڕژێم کە مەترسیدارترین چەک لە جیهاندا بەدەستبهێنێت. "دەبێت دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنرێنەوە".
لێدوانەکانی ساعر هاوکات بوو لەگەڵ خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سوڵتانییەتی عومان.
