ترەمپ: پێدەچێت گەشت بکەم بۆ تورکیا بۆ دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا

4 ڕۆژ لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "بیر لەوە دەکاتەوە" ڕۆژی پێنجشەممە گەشت بۆ تورکیا بکات بۆ بەشداریکردن ئەگەری دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر بە سوودی بزانێت ئەو کارە دەکات.
ترەمپ لە کۆشکی سپی پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بەڕێبکەوێت لە دەستپێکی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، لە ڕاستیدا بیرم لەوە کردۆتەوە گەشتێک بۆ ئەوێ بکەم. "نازانم ڕۆژی پێنجشەممە لە کوێ دەبم، کۆبوونەوەیەکی زۆرم هەیە، بەڵام پێم وابوو سواری فڕۆکەیەک بم و بچمە ئەوێ، پێموایە ئەگەرێک هەیە ئەگەر ببینیت شتەکان ڕوودەدەن".
ناوبراو زیادی کرد: پێموایە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی تورکیا لە تورکیەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەتوانێت دەرئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و پێموایە هەردوو سەرکردە بەشداری دەکەن، بە ئاماژەدان بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەر پوتین بە ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژە ڕازی نەبێت سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت یان نا، لە وەڵامدا وتی "هەستێکم هەیە ئەوان ڕازی دەبن، بەڵێ هەستێکم هەیە".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی هاکان فیدان قسەی کردووە و سوپاسی تورکیەی کردووە کە "میوانداری و ئاسانکاری بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە".
ڕوبیۆ کە یاوەری ترەمپە لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، پێشوازی لە "ئەگەری ئاگربەستی دەستبەجێ" کرد.
