ڕوفاتی ئۆستن تایس له‌ گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ سووریا دۆزرایه‌وه‌

22 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڕۆژنامەنووسێكی ئەمه‌ریکی کە لە ساڵی 2012 لە سووریا ڕفێنرا، ڕوفاته‌كه‌ی له‌نێو گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ باكووری ئه‌و وڵاته‌ دۆزرایه‌وه‌.

یه‌كشه‌ممه‌، 11ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامه‌ی "میره‌ر"ـی به‌ریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، ڕوفاتی ئۆستن تایس، ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی له‌گه‌ڵ ڕوفاتی دوو كه‌سی دیكه‌ له‌‌ گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵدا له‌ باكووری سووریا دۆزرایه‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی میره‌ری به‌ریتانی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئۆستن تایس له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش له‌ ناوچه‌ی دابق له‌ ڕیفی باكووری حه‌له‌ب كوژراوه.

هاوكات چه‌ند كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، تیمێكی پسپۆری قه‌ته‌ری به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ تیمێكی ئه‌مه‌ریكی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سووریا توانیویانه‌ ڕوفاتی ئه‌و سێ كه‌سه كه‌ یه‌كێكیان ئۆستن تایسه‌‌ له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌دا بدۆزنه‌وه‌.‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی سووری له‌م باره‌وه‌ گوتوویه‌تی، ئه‌ندامێكی پێشووی داعش ڕێبه‌ری تیمه‌ قه‌ته‌ری و ئه‌مه‌ریكی و سوورییه‌كه‌ی كردووه‌ و شوێنی ناشتنی ته‌رمی تایس و ژماره‌یه‌ك قوربانی دیكه‌ی پێ نیشانداون.

تایس كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌ناڵێكی هه‌واڵ كاری كردووه‌ له‌وانه‌ش تۆڕی هه‌واڵی (بی بی ئێس)ـی ئه‌مه‌ریكی و ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، له‌ ئابی 2012ـدا له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق ڕفێنرا و له‌و كاته‌وه‌ دیار نه‌مابوو.

هەینی، 7ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، دێبرا تایس، دایکی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستن تایس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا  پشتڕاستی کردەوە کوڕەکەی باشە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.

دێبرا تایس گوتیشی، دەمانەوێت زۆر وریا بین لەوەی کە هاوبەشی دەکەین، چونکە  ئۆستن چاودێریی دەکرێت. باسی له‌وه‌ش كردبوو، ئۆستن بە ڕێگه‌ی دیپلۆماتی ئازاد دەبێت نەک بە بۆمب و بە چەک.

دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی 2020  نامەیەکی تایبەتی له‌ باره‌ی ڕۆژنامەنووسەکە بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا نارد. خێزانی تایس هیوایەکی زۆریان پێی هەبوو ، بەڵام بەشار ئەسەد گوتی، نازانێت تایس هێشتا زیندووە یان نا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار