سەرۆك وەزیرانی پاكستان: ئێمە جەنگەکەمان بردەوە

دوێنێ



 

شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیندستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناڕەوا.

هاوکات پیرۆزبایی  لە گەلی پاکستان کرد بۆ ئەو سەركەوتنەی بەدەستیانهێنا لە شەڕی چەند رۆژەیان لەگەڵ هیندستان، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

شەریف لە وتارێکدا وتی: ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ هێزە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ سەركەوتنی تەواوی گەل و مێژوو باسی دەكات كە چۆن  هێزە چەکدارەکانی پاکستان و فڕۆکە جەنگیەکانی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سوپای هیندستانیان بێدەنگ کرد.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە دیارترینیان، دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و، ناوچەی کشمیری کێشە لەسەرە، داوای دیالۆگی جدیشی لەگەڵ نیودەلهی کرد.

گرژییەکانی نێوان پاكستان و هیندستان لە دوای هێرشێکی چەکداری پەرەیسەند كە لە (22)ی نیسانی رابردوو لە ناوچەی کشمیر بەشە  هیندیەكە روويدا، بەهۆیەوە (26) کەس کوژران، كە زۆرينەیان گەشتیارانی هیندستان بوون.

لە كاردانەوەی هێرشەکەدا، هیندستان مانگی رابردوو بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی سندی راگەیاند، کە رێککەوتننامەی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات.

شەریف لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، هاوكات سوپاسی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانەى كرد بەشدارییان لە رێککەوتنەکەدا کردووە، رۆڵی چین و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پاکستان بەرز نرخاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار