پزیشکیان: ئێران دەستبەردارى دامەزراوە ئەتۆمییەکانى نابێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت ئێمە لە دانوستانى جددیداین و بەدوای ڕێککەوتنداین، بەڵام گفتوگۆی وازهێنان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە.

بە پێی ڕاپۆرتێکى ئاژانسی هەواڵی تەسنیمى ئێران، لە کۆبوونەوەى کابینەی حکوومەتی ئێران مەسعود پزیشکیان وتەیەکى پێشکەشکردوەو جەختی لەوە کردوەتەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان، وتیشى: دڵنیاتان دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕاوە، هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت.

ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، وە بە پێی فەتوای ڕێبەری باڵاى ئێران هەر کارێک بە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەغەیەو ئەوان ئەوکارە ناکەن.

سەرۆک کۆمارى ئێران لەسەر ئەوەى کەداواکارى ئەمریکا ئەوەیە وازیهێنرێت لەهەموو دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتى: ئەوە لای ئێمه قبووڵ نییه، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و دەستکەوتەکانی زانایانی وڵاتەکەمان لە بواری وزەی ئەتۆمی ئاشتیانەدا بەکارهێنانیان هەیە لە کەرتە جیاوازەکاندا، لەوانە پزیشکی و چارەسەرکردن، کشتوکاڵ، ژینگە، و پیشەسازی و ئێمە بە توندی بەدوای چالاکیی ئەتۆمی ئاشتیانەدا دەگەڕێین.

یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕیوەچوو. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای کرد.

دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکان، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان، سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر دەبێت."
 
عەباس عێراقچی گوتی: "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستانەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە."
 
بە گوتەی عێراقچی، لەم گەڕەی دانوستاندندا پرسەکانی جێی ناکۆکیی دوو وڵات زیاتر باس کران و جەختی کردەوە، "هەڵوێستی هەردوولا تا رادەیەک لە یەکدی نزیکتر بووەتەوە."
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار