ئەردۆغان: ئامادەین بۆ میوانداریی وتووێژەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا
.png)
22 كاتژمێر لەمەوپێش
نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسیەکەی ڕاگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی".
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن ڕایگەیاندووە، "لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەیشتە ئەنجام".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سود لەم دەرفەتە وەربگیرێت، تورکیاش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی بەردەوام.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە وردی باسی دەستپێشخەریی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێڤ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کرێملین دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دەستپێشخەریی سەرۆکی ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە پێشنیازکراوە لە 15ی ئایارەوە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، بە وردی گفتوگۆی لەسەر کراوە.
کرێملین زیادی کرد: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم پێشنیازە ڕووسیایە دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی سەکۆی ئیستەنبوڵ دووپاتکردەوە. لایەنی تورکیا هەموو هاوکارییەکی مومکین لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێشکەش دەکات.
کرێملین هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەردوو سەرۆک هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەربڕیوە، لەوانە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی هاوبەش لە کەرتی وزەدا.
سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات.
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن."
تاوەکو ئێستا ئۆکراینا وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی پووتینی نەداوەتەوە. سەرکردەکانی رۆژئاواش رایانگەیاند، داوکاریی ئاگربەستی 30 رۆژە، پێشنیازێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسیان کردووە و ئەویش هاوڕایە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو داواکارییەیان بۆ ئاگربەست "دەبێت قبووڵ بکرێت."
