ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی: هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە غەززە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەرەبی کە ڕۆژی شەممە بە میوانداری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژانی خوێن لە غەززە و ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆیان بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە.

ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی بڵاو کرایەوە، تێیدا هاتووە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتوانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە کەرتەکە.

شەممە 17ـی ئایاری 2025، لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆک و نێردەی وڵاتانی عەرەبی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو. ئامادەبووان سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەبارەی دۆخی غەززە، لوبنان، سووریا و سوودان خستە ڕوو.

دوای پێشکەشکردنی گوتاری ئامادەبووان، ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا و تێیدا هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەکەین گوشار بکەن بۆ ڕاگەرتنی خوێنڕشتن لە غەززە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، بە توندی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکەینەوە، هەروەها پێویستە یارمەتی مرۆیی بگەیندرێتە غەززە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، یەکخستنی هەوڵەکان و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لوتکەی عەرەبی ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەکەین، هەروەها بۆ دۆخی سوودانیش داوای دۆزینەوەی چارەیەکی سیاسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

میوانداریی 34ـه‌مین کۆبوونەوەی لوتكه‌ی عەرەبی لەلایەن بەغداوه‌، لە کاتێکدایە گرژییەکان لە غەززە، پەرەسەندن و دابەشبوونی عەرەبی لەسەر ئاساییکردنەوە و دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو درێژه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانی نێوان تاران و ئه‌مەریكاش له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی به‌رده‌وامن.

هاوکات لە 34ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی ئەمڕۆ شەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە سەرۆکایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی، هەروەها نوێنەری چەندین دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دەستی پێکرد.

لوتکەی عەرەبی لە بەغدا.. دیارترین لێدوانی سەرکردە و سەرۆکەکان

بەحرەین سەرۆکایەتی خولی ٣٤ـی لوتکەی عەرەبی رادەستی عیراق کرد، هەروەها وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبدولەتیف بن راشد ئەلزیانی، لە وتەکەیدا رایگەیاند، پشتگیری "پلانی دووبارە بونیادنانەوەی غەززە و وەستاندنی جەنگ و ناردنی یارمەتی دەکەین".

هەروەها ئەلزیانی پێشوازی کردنی خۆی "لە هەنگاوی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا" راگەیاند.

عیراق جەخت لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر غەززە دەکاتەوە:

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند؛ عیراق سیاسەتی سەپاندن و دەستێوەردانی دەرەکی کە بەرژەوەندی و سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی پێشێل دەکات، رەت دەکاتەوە.

د. لەتیف رەشید، وتیشی، کە گەلی فەلەستین روبەروی پڕۆسەی پاکتاوکردنی رێکخراو بۆتەوە کە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینە لە خاکی خۆیاندا.

سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی، جەختی لەسەر رەتکردنەوەی "دەستدرێژی بەردەوام لەسەر غەززە" کردەوە، هەموو شێوەکانی راگواستنی زۆرەملێی گەلی فەلەستینی مەحکووم کرد.

سودانی بەردەوامی پێشێلکاریەکانی سەروەری لوبنانی مەحکووم کرد و پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا کرد، هەروەها پشتگیری عیراقی بۆ یەمەن و یەکێتیەکەی دووپات کردەوە.

سودانی جەختی لەسەر پێشوازی وڵاتەکەی لە دانوستانە بەردەوامەکان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد "هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی سوریا رەت دەکەینەوە و پشتگیری لە پڕۆسەیەکی گواستنەوە دەکەین کە مافی هەموو سوریەکان بپارێزێت".


سکرتێری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی: هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ گەلەکەی.


لە وتەکەیدا لە میانەی لوتکەکەدا، سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیت رایگەیاند:

- هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا یارمەتی گەلەکەی دەدات بۆ بینینی داهاتوویەکی باشتر.

- چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی هێشتا "لە بەدیهاتن دوورە" بەهۆی دەستێوەردان و چاوتێبڕین.

- حوسییەکان سوورن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی تواناکانی یەمەن.

- دابەشبوونە بەردەوامەکانی لیبیا هەڕەشەن بۆ سەر یەکێتی ئەو وڵاتە.

- لوبنان تێپەڕ دەبێت بە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا کە بریتییە لە سنووردارکردنی چەک بەتەنیا بۆ دەستی دەوڵەت.


کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا: لوتکەی بەغدا دەرفەتێکە بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.

محەمەد عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا، لوتکەی بەغدادی بە  ب"دەرفەتێک بۆ چالاککردنی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی" دانا.

لە وتەکەیدا، عەلی یوسف "پاکتاوکردنی بەکۆمەڵ"ی گەلی فەلەستینی لە غەززە مەحکووم کرد.

لەلایەکی ترەوە، سکرتێری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی حسێن ئیبراهیم تەها وتی: "هیواخوازین هەموو هەوڵەکان چالاک بکرێن بۆ دڵنیابوون لە مافی گەلی فەلەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەی".

ئیسپانیا داوای وەستاندنی "بازنەی توندوتیژی" دەکات:

پیدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ، ئەمڕۆ شەممە، داوای وەستاندنی بازنەی توندوتیژی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە کرد.

لە بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبیدا، سانچێز وتی: "پێویستە فشارەکان لەسەر ئیسرائیل زیاد بکرێن بۆ وەستاندنی هێرشەکان لەسەر غەززە"، وتیشی: "ئیسپانیا هەموو توانای خۆی بەکار دێنێت لە کۆبوونەوەی گروپی مەدرید بۆ وەستاندنی هێرش لەسەر غەززە و بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام".

هاوکات ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، کە بە نوێنەرایەتی ئەحمەد شەرع لە لوتکەکە ئامادەبوو، رایگەیاند: گەلی سوریا پابەندە بە ناسنامەی عەرەبی خۆیەوە، جیهانی عەرەبیش پەناگەی ئەوانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا وتی؛ هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ترەمپەوە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و سوپاسی دەوڵەتی قەتەر دەکەین بۆ پاڵپشتی بەردەوام و هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر گەلی سوریا.

وتیشی؛ سوپاسی ئیمارات و هەموو وڵاتانی عەرەبی دەکەین کە لەگەڵ گەلی سوریا وەستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار