ماکرۆن: بارودۆخى غەززە قبووڵکراو نییە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هەست بەوەدەکات قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە جێگای قبوڵکردن نییە و بەرگەی ناگیرێت و هیوادارە بەم زووانە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن.
ترامپ پێشتر ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی غەززە دەدات و ڕایگەیاندبوو کە خەڵک لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا "برسی" دەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە ئەبوزەبی، دوا وێستگەی گەشتەکەی بۆ کەنداو، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە چاومان لە غەززەیە، کار لەسەر ئەو کێشەیە دەکەین، خەڵکێکی زۆر لە برسێتیدا دەمرن".
ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە رێگری لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.4 ملیۆن کەسە و لە 18ی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستێکی دوو مانگی، هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
رێکخراوە ناحکومییەکان، لەنێویاندا پزیشکانی جیهان و پزیشکانی بێسنوور و ئۆکسفام، رۆژی 14ـی ئەم مانگە هۆشدارییان دا لە روودانی "مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسیێتی" لە غەززە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە.
حەماس رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە رێگری لە هەوڵەکانی نێوەندگیران بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتەکەدا لە رێگەی زیادکردنی "گوشاری سەربازی" لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر بووەتەوە و هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ترەمپ بۆ ناوچەکە و لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە خاوو لەرزۆکن.
هاوکات حەماس ڕۆژی هەینی داوای لە ئەمریکا کرد فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوکارییە مرۆییەکان بدات بۆ ناو کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەکە سەربازێکی ئیسرائیلی - ئەمریکی ئازاد کرد کە لەم هەفتەیەدا بە بارمتە گیرابوو.
تاهیر نونو، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەکە "چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئیدارەی ئەمریکا فشاری زیاتر بخاتە سەر حکومەتی نەتانیاهۆ بۆ کردنەوەی دەروازەکان و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان - خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی - بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە".
