ترەمپ: ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ پوتین، زیلێنسکی قسە دەکەم

7 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو کاتژمێر 10ی بەیانی بەکاتى ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا قسە دەکات.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال وتی "بابەتەکانی گفتوگۆو قسەکانمان، وەستاندنی ئەو شەڕەیە بە بە تێکڕا زیاتر لە 5000 سەربازی ڕووسیا و ئۆکراینی لە هەفتەیەکدا دەکوژێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەندامانی جۆربەجۆری ناتۆ قسە دەکەن.
هەروەها نووسیویەتی: هیوادارم ڕۆژێکی بەرهەمدار بێت، ئاگربەستێک ڕووبدات و ئەم شەڕە زۆر توندوتیژەیە، شەڕێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕووبدات، کۆتایی پێبێت.
ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی سێ ساڵدا یەکەمین گفتوگۆی ڕووبەڕوویان ئەنجامدا.
گفتوگۆکان کە کەمتر لە دوو کاتژمێری خایاند، بە ئاگربەست کۆتایی نەهات بەڵکو لە ئەنجامدا هەردوولا هەریەکەیان ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی هەزار دیلی جەنگ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دانوستانکارانی ڕوسیا داوایان لە کێڤ کرد سەربازەکانی لە هەموو ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە کە مۆسکۆ بانگەشەی بۆ دەکات، پێش ئەوەی ڕازی بن بە ئاگربەست.
کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا کرملین رایگەیاند، دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین تەنها دوای رێککەوتن روودەدات.
دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەئێستادا پێویستە کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەن کە شاندەکانیان لە تورکیا لەسەریان رێککەوتوون، لەپێش هەموویانەوە تەواوکردنی ئاڵوگۆڕی هەزار بارمتە بە هەزار بارمتەیە.
پێسکۆڤ دەشڵێ، سەرەتا پێویستە بارمتەکانی جەنگ ئاڵوگۆڕبکەن و هەردوولا تێڕوانینیان بۆ ئاگربەست ئاشکرابکەن پێش دیاریکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان.
لەبارەی ئەگەری دیداری نێوان پوتن و زێلینسکی، پێسکۆڤ باسی لەوەکرد، ئەگەری هەیە ئەو دیدارە رووبدات، بەڵام تەنها دوای ئەوەی هەردوولا کاریان لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کرد.
سەرچاوەیەکی ئۆکراینی ڕایگەیاند، داواکارییەکانی دیکە لە مەرجەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی تێپەڕیون کە ئەمریکا مانگی ڕابردوو دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ مۆسکۆ پێشنیاری کردبوو.
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی دانوستانەکان، بەڕێز زێلێنسکی مۆسکۆی بە "کوشتنی بە ئەنقەست هاوڵاتیانی مەدەنی" ئیدانە کرد، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ سەر مینی پاسێک لە ناوچەی سومی باکووری ئۆکرانیا نۆ کوژراو و چوار برینداری لێکەوتەوە.
