ماڵپەڕی ئاكسیۆس: ترەمپ هۆشداریی توندی داوەتە ناتانیاهۆ

دوێنێ
ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی ترەمپ پلانێكی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران پێدەگات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامدا، تێیدا ترەمپ بە توندی ناتانیاهۆی ئاگادار كردەوە لە دەستوەردان لە كاروباری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها نوێنەری خۆ نارد بۆ ئیسرائیل .
ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل سەبارەت بە وردەكاری پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.
سەرچاوەیەك لە ناو كۆشكی سپییەوە، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، ترەمپ دوای ئەوەی هەواڵی پلانی ئیسرائیلی پێگەیشتووە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پەیوەندی بە نەتانیاهۆوە كردووە، بە توندی ئیسرائیلی لە دەستوەردان لە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئاگادار كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كارەی ترەمپ دوای ئەوە هات، كە زانیاری لەسەر نیازی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران پێگەشت، كە ئەگەری هەبوو ببێتە هۆی تێكچوونی ئەو دانوستانە ئەتۆمییانەی، كە ئێستا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای هەواڵەكە سەرۆكی ئەمریكا كریستی نوام وەزیری ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی ڕەوانەی تەلئەبیب كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل كۆبووەوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەمریكا دژی هەر هەوڵێكی ئیسرائیلە، كە ببێتە هۆی تێكدانی دانوستانەكان.
