ترەمپ: پوتین یاری بە ئاگر دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەخنەی لە ڤلادیمێر پوتین گرت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هاوتا ڕووسیەکەی "یاری بە ئاگر دەکات".
ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نووسیویەتی "ئەوەی ڤلادیمێر پوتین درکی پێناکات ئەوەیە کە ئەگەر من نەبومایە لەڕووسیا هەندێک شتی زۆر خراپ ڕوویدەدا، بەڕاستی زۆر خراپە ئەوەش ئەو یاری بە ئاگر دەکات."
بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، چەند کەسێکی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم هەفتەیە بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا دەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترامپ زۆر بێزارو توڕەیە لە زیادبوونی هێرشەکانی سەرۆکی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و خاوبوونەوەی خێرایی دانوستانەکانی ئاشتی.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی کردە سەر ئۆکراینا و بەوهۆیەوە لانیکەم 13 کەس کوژران.
ترەمپ رۆژی شەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشال لەبارەی پووتینەوە نووسی، "من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڤیلادمیر پووتینی رووسیادا هەبوو، بەڵام ئەو شتێکی بەسەر هاتووە. ئەو بە تەواوی شێت بووە."
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، ئەمڕۆ میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە ئەم هەفتەیە ترەمپ سزای نوێ بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو کە "بە دڵنیاییەوە" بیر لە زیادکردنی سزاكان بۆ سەر مۆسكۆ دەكاتەوە.
گوتەکانی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی پێشووی بەرامبەر پووتین، کە زۆرجار بە سەرسامییەوە باسی دەکرد و پێشتر خۆی لە رەخنەگرتن لێی بەدوور دەگرت.
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی 8 رۆژ لەمەوبەر ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن قسەیان کرد، کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا رازی بووە "دەستبەجێ" دەست بە گفتوگۆکانی ئاگربەست بکات.
مۆسکۆ کیێڤی بە هەوڵدان بۆ "تێکدانی" هەوڵەکانی ئاشتی تۆمەتبار کردووە و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر ئۆکراینا "وەڵامێک" بووە بۆ زیادبوونی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر هاووڵاتییانی سیڤیل.
بەم دواییانە، بە تێپەڕبوونی کات، بێزاریی ترەمپ لە چەقبەستنی دانوستاندنی ئاشتیی مۆسکۆ و کیێڤ زیاد بووە.
