لە رۆژێکدا؛ 1000 کۆچبەر خۆیان گەیاندە بەریتانیا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە هەزار کۆچبەر بە 18 بەلەم بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونەتە وڵاتەکەیان. ئەمەش ئەم ساڵ زۆرترین بووە لە رۆژێکدا و دووەم زۆرترین بووە لەو کاتەوەی ئاماری گەیشتنی کۆچبەران بەو وڵاتە تۆمار دەکرێن. 
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەزار کۆچبەر لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونە وڵاتەکەیان، ئەم ساڵ زۆرترین بووە لە رۆژێکدا کە پێشتر و لە یەکی ئەم مانگەدا 825 کۆچبەر چووبوون. وەزارەتەکە دەشڵێت، هێزی دەریاوانی فەرەنسا و وڵاتەکەیان رێگرییان لە 11 بەلەمی دیکەی کۆچبەران کرد ئەو نۆکەندە ببڕن. 
 
کریس فلیپ، وەزیری سێبەری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە رۆژێکی شەرمەزارییە بۆ حکومەتی پارتی کار". گوتیشی، حکومەت شکستیهێناوە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان. زۆرینەی وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا وەزیری سێبەریان هەیە کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەن. 
 
بە گوێرەی وەزارەتە بەریتانیەکە، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 600 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکەیان کە 30٪ـی لە هەمان ماوەی پار و زۆرترینە لە هەمان ماوە لە ساڵی 2018ـەوە. 
 
گەیشتنی ئەو ژمارە زۆرە کۆچبەرە بە بەریتانیا لەکاتێکدایە حکومەتی وڵاتەکە بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە چەندین رێککەوتنی بۆ رێگری لە گەیشتنی کۆچبەران بە وڵاتەکەی کردووە. 
 
رۆژی سێی ئەیلوولی 2022، هەزار و 305 کۆچبەر چوونە بەریتانیا، ئەمەش زۆرترین بووە لە رۆژێکدا لەو کاتەوەی وڵاتەکە ئاماری چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی تۆمار دەکات. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار