ماکرۆن: داننان بە دەوڵەتی فەلەستین داواکارییەکی سیاسییە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین "تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە" و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستەکانیان توندتربکەنەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەگەر بەردەوامبێت لەو کارانەی بەرامبەر بە غەززە دەیکات.
ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانیکردنیدا بۆ وڵاتی سەنگافورە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی "ئەرکێکی ئەخلاقی" و "داواکارییەکی سیاسییە" و دەبێت وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵوێستی توندتریان هەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆشکی ئەلیزە، ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە سەنگافورە، کە دوا وێستگەی گەشتەکەی بوو بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە پێشوتر سەردانی ڤێتنام و ئەندەنوسیاشی کرد بو.
لە سەردانەکەیدا بۆ ئەندەنوسیا چوارشەممەی ڕابردو، ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا بەدوای چارەسەری دوو دەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، خواستی خۆی دەربڕی بۆ بینینی کۆتایی هاتنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە و جەختی کردبوەوە لەوەی تەنها چارەسەری سیاسی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بەو شەڕە نەخوازراوە.
