مەسک دەستی لە پۆستی حکوومەتی ئەمەریکا کێشایەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی دەستی لە پۆستی ئیدارەی ترەمپ کێشایەوە، کە سەرۆکایەتیی وەزارەتێکی دەکرد، بە ناوی 'کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت'، ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵیەکان بوو.
لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا سوپاسی ترەمپی کرد، گوتی: ماوەی کارکردنی وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک بوو لە کۆتایی. بۆیە پێویستە دەست لە کار بکشێنمەوە.
نووسیویەتی "لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بەشداری پێکردم لە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەرکی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت تەنیا بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر دەبێت، دەبێتە شێوازێکی ژیان لە سەرانسەری حکوومەتدا".
ئەرکی ماسک وەک فەرمانبەرێکی حکوومەت لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.
ترەمپ ئەرکی هاوپەیمانی خۆی بە ماسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکسی سپارد، تاکوو سەرکردایەتیی هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی کارایی حکوومەت بکات، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت و دووبارە دارشتنی حکوومەتی فیدراڵی.
ناڕەزایی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا زۆر بوو، ئەوەش لەدوای شێوازی بێبەزەییانەی ماسک بۆ دەرکردنی دەیان هەزار کرێکاری حکوومەت.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نزیکەی 200 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیارە کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن، یان یەکلاییکردنەوەی خانەنشینییان قبوڵ کردووە. یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە کۆبوونەوە و گردبوونەوە گشتییەکاندا ڕووبەڕووی توڕەیی دەنگدەران بوونەتەوە و هەوڵی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی کارایی حکوومەت، بووە بابەتی ناکۆکی یاسایی.
