ترەمپ: ئێران لەم شەڕەدا سەرناکەوێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئێران لەم شەڕەدا سەرناکەوێت و دەبێت پێش ئەوەی درەنگ بێت قسەمان لەگەڵ بکات و ڕێککەوتن بکات.
لەدواى کۆبونەوەى گروپی وڵاتانی G7 (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد وتی: ئیسرائیل کارەکانی زۆر باشە و ئێمە پشتیوانییەکی زۆرمان لێکردووەو بەردەوام دەبین.
دۆناڵد ترەمپ لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: ئێمە ماوەى ٦٠ ڕۆژمان دانا بۆ ئێران بەڵام لەو ماوەیە هیچ ڕێککەوتنێک نەکرا، پێویستە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان.
ترەمپ چەند جارێک جەختى لەسەر رێککەوتن کردەوەو وتی: پێویستە رێکبکەون، ئەمەش بۆ هەردوو لا ئازاربەخشە، دەبێت دەستبەجێ دانوستاندن بکەن، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت.
دوینێ یەکشەممە، 15ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ ترووس رایگەیاندبوو: پێویستە ئێران و ئیسرائیل رێکبکەون و رێکیش دەکەون، هەروەک چۆن وام لە هیندستان و پاکستان کرد رێککەوتن بکەن.
هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو لە رێگەی بەکارهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و پەنابردنەبەر ژیری و یەکگرتوویی و هۆشیاری بۆ نێو گفتوگۆکان لەگەڵ دوو سەرکردەی نایاب کە توانییان بەخێرایی بڕیار بدەن و شەڕ رابگرن.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "بەم زووانە ئاشتیمان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەبێت. ئێستا چەندین پەیوەندی و کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن. من زۆر کار دەکەم، و هەرگیزیش ستایش ناکرێم، بەڵام کێشە نییە، خەڵکەکە تێدەگەن."
ئیدارەی ترەمپ لە مانگی نیسانەوە لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدایە تایبەت بە گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و دوای پێنج گەڕ لە دانوستاندن، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕی شەشەم لە عومان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەو گەڕە دواخرا و ئێران بڕیاریدا بەشداری نەکات.
