چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکەى ئیسرائیل، واشنتن ئەنقەرەی ئاگادارکردووەتەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
چەند سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕى بە میدڵ ئیست ئاییان ڕاگەیاندووە، واشنتۆن پێشوەختە ئاگاداری ئەنقەرەی کردوەتەوە کە ئیسرائیل بەنیازە هێرش بکاتە سەر ئێران.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە "میدڵ ئیست ئای"یان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا ڕۆژی هەینی تورکیای لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادار کردۆتەوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی هێرشەکانى ئیسرائیل بووە.
ڕەنگە ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا لە درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممەدا یارمەتیدەر بووبێت بۆ ڕێگریکردن لە گرژییە ئەگەرییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە لەم دواییانەدا خۆیان لە سوریا بینیوە کە بەهۆی زیادبوونی بوونی ئەنقەرە لەو وڵاتەدا ناکۆکییان لەسەرە.
فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ئاسمانی سوریا و عێراقیان بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی سەرتاسەر ئێران. لە مانگی کانوونی دووەمى ڕابردوو حکومەتەکەى بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەموو سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی لە سوریا لەناوبرد و بە شێوەیەکی کاریگەر وڵاتەکەی بێ بەرگری کرد.
ڕۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سکاڵایەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرد سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کە ئاسمانی ئەو وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یاداشتێکی دیپلۆماسی بۆ چەند هاوپەیمانێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوان قەتەر ناردووە و لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە.
گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل پەرەی سەندووە لە کاتێکدا ئەنقەرە و دیمەشق دانوستانەکانیان بۆ دامەزراندنی چەند بنکەیەکی سەربازی لە سوریا دەستپێکردووە بۆ یارمەتیدانی مەشقپێکردنی سەربازی شکاوی ئەو وڵاتە.
