ڕۆیتەرز: پلانێک هەبووە بۆ کوشتنی خامنەیی ترەمپ رێگری کردوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرایکردوە لە کۆتایی هەفتەى ڕابروودا ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەى هەبووە عەلی خامنەیی بکوژێت، بەڵام ترەمپ بە ڕوونی بۆ نەتانیاهۆى ڕاگەیاندووە کە دژی ئەو جۆرە کارە دەوەستێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران ناوی لەناو ئەو لیستەدا بووە کە ئیسرائیل هەوڵی داوە لە هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر ئێران بیکوژێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی نەبووە ناوبراو بکوژرێت.
هەرچەند هێشتا بە تەواوی دیار نییە کە ئیسرائیل بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی 13ی حوزەیران بۆ سەر ئێران کە بە هۆیەوە چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژران، ئەمەریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە یان نا؛ بەڵام ئاژانسێکی هەواڵی بەریتانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ترەمپ ڕازی نەبووە ئیسرائیل لەو هێرشەدا عەلی خامنەیی بکوژێت.
دوو گەورە بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت لەبارەی بەشداریکردنی ئەمریکا لەو شەڕەدا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە: "هێشتا ئێران هیچ ئەمەریکییەکی نەکوشتووە و تاوەکو ئەمەیش ڕوو نەدات تەنانەت هەر باسیش لە هێرشکردە سەر سەرکردە سیاسییەکانیان ناکەین".
ئەو دوو گەورە بەرپرسە ئەمەریکییە ئاماژەیان بەوە داوە، زانیویانە ئیسرائیلییەکان دەتوانن باڵاترین سەرکردەی ئێرانیش بە ئامانج بگرن، بەڵام ترەمپ باوەڕی پێ هێناون ئەم کارە نەکەن.
