ترەمپ: ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەشوێنێکی جیاوازەوە دەست پێبکاتەوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئێران ڕازی نەبووە بە پشکنینی شوێنە ئەتۆمییەکانی و وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەنگە لە شوێنێکی جیاوازەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە.
هاوکات دوێنێ تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی لەڕێگەی وشکانییەوە ئێرانیان بەجێ هێشت و گەڕانەوە بێ ئەوەی بتوانن بچنە نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پێی وایە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پاش هێرشەکانی ئەمریکا تووشی پاشەکشەی هەمیشەیی بووە، هەرچەندە ڕەنگە تاران لە شوێنێکی جیاواز دەست پێ بکاتەوە.
ترامپ باسی لەوەش کرد، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی کۆشکی سپی دەکات و پرسی ئێران تاوتوێ دەکەن.
ترەمپ زیادی کرد: ڕەنگە پێویست بکات لە شوێنێکی جیاوازەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. کێشەیەک دەبێت ئەگەر دووبارە دەستپێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگە نادات تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئامادەیە لەگەڵیدا کۆببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە.
بەقایی زیادی کرد: بیروڕای گشتی ئەوەندە توڕەیە کە ئێستا تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستان یان دیپلۆماسی بکات.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دوایین پشکنەری مانەوەی خۆی لە ئێران کشاوەتەوە لە کاتێکدا قەیرانی گەڕانەوەیان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومانکراون توندتر بووە.
ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی یۆرانیۆم دەوڵەمەند دەکات و تاران پێداگری دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
