ناتانیاهۆ ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید دەکات

دوێنێ
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی، نەتانیاهۆ وتی، "پێم خۆشە ئەو نامەیەتان پێ بگەیەنم کە بۆ لیژنەی نۆبڵم ناردووە، کاندیدتان کردووە بۆ خەڵاتی ئاشتی، بەڕاستی ئێوە شایەنی ئەوەن، و پێویستە وەریبگرن".
رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە نەتەنیاهوو کرد.
هەردوو سەرکردەکە هێرشە هاوبەشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "سەرکەوتوو" ناوبردن.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ترەمپ بەرز دەنرخێنێت "بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لای خۆیەوە ترەمپ، کە نامەکەی پێگەیشتووە، دەڵێت: "من لەو بارەیەوە نەمدەزانی... بۆ من مانای زۆری هەیە کە شتێکی لەم شێوەیە لە ئێوەوە بێت".
ترەمپ و نەتەنیاهوو لەگەڵ گەورە راوێژکارانیان لە کۆشکی سپی بۆ خوانێکی ئێوارە کۆبوونەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و گفتوگۆکردن لەبارەی هەوڵەکان بۆ برەودان بە پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە.
نەتەنیاهوو لە کاتی پێشکێشکردنی نامەی بەربژێرکردنەکە بە ترەمپ، کە گوتی دەینێرێت بۆ لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ، رایگەیاند: "ئەو هەر ئێستا کە قسە دەکەین ئاشتی دەچەسپێنێت، وڵات لەدوای وڵات و ناوچە لەدوای ناوچە."
ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە کە دوای شەڕی 12 رۆژەی مانگی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیەوێت ململانێی غەززە بەزوویی کۆتایی بێت.
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو رەنگە گوشاری زیاتر بخاتە سەر پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا، کە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە ئایا دەبێتە هۆی رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان نا.
پێش ئەوەی رۆژی یەکشەممە بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، نەتەنیاهوو ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد کە "سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر دووژمنی هاوبەشماندا" بەدەستهێناوە. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنیی لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە دا و گوتی، کاردەکات "بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنەی کە گفتوگۆی لەسەرە، بەو مەرجانەی لەسەری رێککەوتووین."
