واشنتۆن پۆست: ئەمریکا لەپێناو ئیسرائیل هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت

9 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا دابینکردنی هەندێک جۆری چەکی بۆ کیێڤ ڕاگرتووە بۆ ئەوەی گرنگی بە بەهێزکردنی بەرگری سوپاى ئیسرائیل بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر هاوتا ڕووسییەکەی سەبارەت بە شەڕەکە.
دوو ڕۆژلەمەوبەر کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ناردنی هەندێک چەکی سەرەکی بۆ ئۆکراینا ڕادەگرێت، لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بەڵێن بە ئۆکراینا درابوو ئەو چەکانەیان بۆ دەنێردرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکەی واشنتۆن بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکانەوە بووە، چونکە بەڵێنەکانی واشنتۆن ئێستا لە هێزی سەربازیی خۆی زیاترە، بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێدانی ئێران، لایەنگرانی تووشی شۆک کردووە، کە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بە نەشیاو دەزانن. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەستنی دابینکردنی چەکی سەرەکی بۆ ئۆکرانیا هەندێکیشی توڕە کردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئاڵناگرى گەورەو سەرەکی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێتەوە ئەوەیە کە بەڵێنەکانی واشنتۆن لە بواری بەرگریدا لە سەرانسەری جیهاندا لە هێزی سەربازیی خۆی زیاترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دۆخە سەرکردایەتی ئەمریکا ناچار دەکات "بەدوای سازش"دا بگەڕێت و لەنێوان "ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوە" جیاوازدا هەڵبژێرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، "زۆر ناڕەحەت بووە" لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕوسیەکەی سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕایگەیاند، پوتین تەنها دەیەوێت "بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک".
راگرتنی گەیاندنی هاوکاریی سەربازی، لەنێویاندا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، گورزێکی گەورە دەبێ بۆ ئۆکراینا، لەکاتێکدا رووبەڕووی هەندێک لە گەورەترین هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی رووسیا لە جەنگە سێ ساڵییەکەدا دەبێتەوە.
ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی: "ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دراوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکەوە دابنرێن، ئەوەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانی و هاوکاریی سەربازیی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان."
کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانکارییەکی ئەگەری لە کاری لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپ، کە گوشاری خستووەتە سەر رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی خێراتر بکەن.
میدیای ئەمریکا دەڵێت، مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، گولـلەتۆپ و مووشەکەکانی هێڵفایەر لەنێو ئەو چەکانەدان کە ناردنیان راگیراوە.
مایکڵ مەکفۆڵ، کە لە ساڵی 2012 تاوەکو پێش دەستپێکردنی جەنگی کریمیا لە ساڵی 2014 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە رووسیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئیدارەی ترەمپ تەنانەت گەیاندنی پاتریۆتیش رادەگرێت؟"
هەفتەی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و وادەرکەوت وەڵامێکی ناڕوونی لە سەرۆکی ئەمریکاوە وەرگرتبێت سەبارەت بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
