هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە بۆ هەولێر

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.

هێزەکانى ئەمەریکا مانگى داهاتوو سێ بنکەى سەرەکى لە عێراق جێدەهێڵن و بەرەو هەولێر دەجوڵێن، ئەوەش بە هەنگاوێکى "پێشبینینەکراوى" واشنتن لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پڕۆسەى کشانەوەکە بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

لەلایەکى دیکەوە وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕاگەیاند، لە مانگى داهاتووەوە هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە بۆ هەولێر و تەنها راوێژکارە سەربازییەکان دەمێننەوە.

سەباح نوعمان گوتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئەوەشی وت، تەنها هێزەکانی ئەمریکا نییە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە.

لەبارەی مانەوەی هێزەکان لە هەولێر باسی لەوەکرد، ئەو هێزانە کە کاریان راوێژکارییە بەگوێڕەی ئەو رێککەتنەی کە کراوە بۆ ماوەی ساڵێک لە هەولێر دەمێننەوە.

گوتیشی، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر بڕیارێکی کتوپڕ نەبووە پێشووتر رێککەوتنی لەبارەوە کراوە.

 رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە  پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەر دوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار