دوو ڕۆژە ژمارەیەک کۆچبەر چارەنووسیان نادیارە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە دوێنێوە دوو بەلەمى کۆچبەران لە لیبیاوە بۆ ئیتالیا بەڕێککەوتوون و چارەنووسیان نادیارە، کە زیاتر لە 120 سەرنشینیان تێدایە و زۆرینەشیان خەڵکى هەرێمى کوردستانن.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەرى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا راگەیاند، کۆچبەرەکان لە کاتژمێر 4ـى بەرەبەیانى دووشەممەوە بە دوو بەلەم کە هەریەکەیان زیاتر لە 60 سەرنشینى تێدا بووە لە لیبیاوە بۆ ئیتالیا بەڕێکەوتوون، بەڵام چارەنووسیان نادیارە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێکى زۆرى کۆچبەرەکان خەڵکى هەرێمى کوردستانن و لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە پەیوەندى بە کۆمەڵەکەوە کراوە و داواى هاوکارى و بەهاناوەچوونیان کردووە.
بەگوتەى پێشڕەو عەبدوڵا، ئێستا زیاتر لە 400 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیان و بەنیازن بە رێگەى ئاوى خۆیان بگەیەننە ئەوروپا کە "رێگایەکى پڕمەترسییە".
دوێنێ لە دەریای ئیجە بەلەمێک تێکشکا، نوێنەرى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا، گوتى "تەنیا دوو کەس رزگاریان بووە و چوار تەرمیش دۆزراونەتەوە و چارەنووسى ئەوانى دیکە نادیارە". گوتیشى "بەلەمەکە هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانى تێدا نەبووە و زۆرینەیان ئەفغانى و ئێرانی بوون".
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی یۆنان، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 25 هەزار و 799 کۆچبەر هەوڵی پەڕینەوەیان لە ئاوەکانى یۆنان داوە.
بە گوتەى پێشڕەو عەبدوڵا، کۆی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی لە یۆنانەوە دیپۆرتکراونەتەوە، ژمارەیان نۆ هەزار و 300 کەس بووە و زۆرینەیان دیپۆرتی تورکیا، بولگاریا و مەکدۆنیا کراونەتەوە.
