ئەمریکا: دەستمانکرد بەکەمکردنەوەی ئەرکەکانمان لە عێراق

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا "پنتاگۆن" دەڵێت: سوپای ئەمریکا دەستدەکات بە کەمکردنەوەی بوونی خۆی لە عێراق، لە هەنگاوێکدا کە رەنگدانەوەی کە بە "سەرکەوتنی هاوبەش" لە شەڕی دژی داعش وەسف دەكرێت.
هێشتا دیار نییە چەند سەرباز دەکشێتەوە، یان قەبارەی ئەو یەكانە چەندە كە لە عێراق دەمێننەوە.
شۆن پارنێل وتەبێژی "پنتاگۆن" رایگەیاندووە: بەپێی رێنماییەكانی سەرۆک کۆمار و وەك گونجاندن لەگەڵ کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا_عێراق و ئەو بەیاننامە هاوبەشەی لە 27ی ئەیلولی 2024 دەرچووە، ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی ئەرکی سەربازی خۆیان لە عێراق کەمدەکەنەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی بەرپرسیارانە و رێک و پێک.
ئەم کەمکردنەوەیە بەشێکە لە رێککەوتنێکی پێشوی نێوان بەغدادو واشنتۆن بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەكانی لە هەندێک شوێن تا کۆتایی مانگی ئەیلول.
حکومەتی عێراق چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە کە قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ڕابردوو (2024) لەنێوان لایەنە عێراقی و ئەمریکییەکان کراوە، پێشبینی دەکرێت ئەمریکا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە هەندێک هێز لە هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە.
ە نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق ماونەتەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکە و ئەرکی مەشق و ڕاوێژکاری و پشتیوانی بۆ هێزە عێراقییەکان ئەنجام دەدەن. دوای شکستی داعش لەو وڵاتە لە ساڵی 2017 ژمارەیان کەم بووەوە.
بەڵام ئەم ئامادەبوونە بەشێک لە کوتلە چەکدارەکان و لایەنە سیاسییەکانی لایەنگری ئێرانی لەو وڵاتە توڕە کردووە، ئەمەش وایکردووە بەغدا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە.
