ترەمپ بودجەی ویلایەتە دیموکراتەکانی راگرت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



لە کاردانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ 26 ملیار دۆلار بودجەی چەند ویلایەتێکی دیموکراتنشین رادەگرێت.

بۆ بەرپەرچدانەوەی داخستنی حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی ترەمپ دەستی بە سزادانی ئەو ویلایەتانە کردووە کە زۆرینەی دیموکراتن و کۆشکی سپی پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکانی لەو ویلایەتانە راگرتووە.

رۆژی چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی دیموکرات و کۆمارییەکان لە کۆنگرێس نەیانتوانی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و درێژکردنەوەی ماوەی خەرجییەکانی حکومەت رێکبکەون، حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا داخرا، کە بە "شەتداون" ناسراوە. کۆمارییەکان کە زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان لە دەستدایە، نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران بەدەستبهێنن. ئەمە پێنجەمین جارە لە ساڵی 1981ەوە روودەدات و بووەتە هۆی راگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییە حکومییەکان.

لە کاردانەوەیەکدا، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕی 26 ملیار دۆلار بودجەی تایبەت بە چەندین ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکانی راگرت. ئەم بڕیارانە بریتی بوون لە بلۆککردنی 18 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوە لە نیویۆرک، کە زێدی ژمارەیەکی زۆری کۆنگرێسمانە دیموکراتەکانە، هەروەها راگرتنی 8 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە 16 ویلایەتی دیکە، لەوانە کالیفۆرنیا و ئیلینۆی.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا کە ئەگەر پرۆسەی شەتداون بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، کۆشکی سپی دەست بە دەرکردنی فەرمانبەرانی فیدراڵی دەکات. ڤانس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەوانەیە تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. ئەمەش جیاوازە لە شەتداونەکانی پێشوو کە تێیدا فەرمانبەران تەنها مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدەدرا.

بڕیارەکانی کۆشکی سپی رەخنەی توندی دیموکراتەکانی لێکەوتەوە. حەکیم جێفریس، رێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند کە بلۆککردنی بودجەی پڕۆژەکانی نیویۆرک دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس. هەروەها، چەک شومەر، سیناتۆری دیموکرات، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوڵاتیانی ئاسایی ئەمریکا دەکاتە ئامانج و وتی "بەکارهێنانی هاوڵاتیانی ئەمریکی وەک یاری شەترەنج هەڕەشەیە لە وڵات".

ناکۆکی سەرەکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پرسی خەرجییەکان و بیمەی تەندروستییە. کۆمارییەکان دەیانەوێت خەرجییەکان کەمبکەنەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان داوای پاراستنی بیمەی تەندروستی دەکەن بۆ ملیۆنان ئەمریکی و رەخنە لە سیاسەتەکانی کەمکردنەوەی تێچووی ئیدارەی ترەمپ دەگرن.

داخستنی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی فەرمان بە نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی بکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە، لە کاتێکدا کارمەندە گرنگەکان وەک هێزە سەربازییەکان و پاسەوانی سنوور بەبێ مووچە لە کارەکانیان بەردەوامن. شیکەرەوە ئابوورییەکان پێشبینی دەکەن کە هەر هەفتەیەک لە شەتداون دەتوانێت زیانێکی بەرچاو بە ئابووری ئەمریکا بگەیەنێت و رێژەی گەشەی ئابووری کەمبکاتەوە.

لە ساڵی 1980ەوە، حکومەتی ئەمریکا 15 جار داخراوە، بەڵام زۆربەیان بۆ ماوەیەکی کورت بوون. لە سەردەمی سەرۆکایەتی رۆناڵد رەیگاندا هەشت جار حکومەت داخرا. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی خودی ترەمپدا، سێ جار شەتداون روویدا، کە یەکێکیان بە درێژترین شەتداون لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت و بۆ ماوەی 35 رۆژ بەردەوام بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار