ترەمپ هۆشداری دەداتە حـ.ـە.ما.س: خێرابکەن تەحەمولم نامێنێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ پەیامێک بۆ حەماس دەنێرێت و دەڵێت، بەخێرایی هەنگاوەکان بنێن حەماس پێویستی بە جوڵەی خێرا هەیە، چونکە ئەگەرنا هەموو شتێک کراوەیە. من تەحەمول بەو دواکەوتنانە ناکەم کە زۆر کەس پێیان وایە دەکرێت ڕووبدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال دەڵێت، "پێزانینم هەیە کە ئیسرائیل بۆمبارانکردنی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ئازادکردنی بارمتەکان و تەواوکردنی رێککەوتنی ئاشتی. پێویستە حەماس پەلە بکات، ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "هیچ دواخستنێکم قبووڵ نییە، کە زۆر کەس پێیانوایە روودەدات، هەروەها بەرگەی هیچ ئەنجامێکیش ناگرم کە تێیدا غەززە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە. با ئەم کارە بە خێرایی بکەین. مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموواندا دەکرێت."
ئەم هۆشداریەى ترەمپ لەکاتێکدایە، کەناڵی ١٢ ئیسرائیل بڵاویکردەوە دانوستانەکان سبەی لە میسر دەست پێدەکات، ویتکۆڤیش بەشداری دەکات، هاوکات تیمەکانی دانوستانکار ڕێنمایی دراون کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) شاندێک بەڕێبکەون بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەکرێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی حەماسی وەرگرت بۆ پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
شەوی رابردوو، دوای ئەوەی حەماس رازیبوونی بە بەشێک لە خاڵەکانی پلانەکە راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە رابگرێت، ئەمەش رێگەی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە خۆشکرد.
قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ چی لەخۆدەگرێت؟
پلانەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەم ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
• دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست.
• ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا.
• راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
• کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل.
• ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە.
