داخستنی حکومەتی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی بەرزکردەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ئەنجامی داخستنی حکومەتی ئەمریکا نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بەرزبوونەوە کرد و نرخی یەک بیتکۆین نزیکبووەتەوە لە 117 هەزار دۆلار.
بەرەبەیانى چوارشەممە حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا رووبەڕووی داخستنی بەشێک لە کارەکانی بووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا شکستیهێنا لە تێپەڕاندنی یاسای خەرجکردنی بودجە. بەهۆی داخستنەکەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ئەمەریکا رادەگیرێت یان کەمدەکرێتەوە لەناویاندا
ئەوە لە کاتێدایە بەرلە داخستنەکە نرخی یەک بیتکۆین لە دەوروبەری 113 هەزار دۆلاردا بووە.
هاوکات نرخی یەک ئیسریۆم بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 4٪ تۆمارکرد و نرخی یەک دانەی لە چوار هەزار و 163 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ چوار هەزار و 302 دۆلار.
هەر یەک لە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی وەک سۆلانە بەرێژەی 5.6٪ و دراوی ریپڵ بەڕێژەی 3٪ بەرزبوونەوە.
راگرتنی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کاتێک روودەدات، کۆنگرێس و سەرۆکایەتی ئەمەریکا دوای ماوەیەکی دیاریکراو ناگەنە رێککەوتن لەسەر یاسای خەرجکردنی پارە لەلایەن حکومەتەوە، بۆیە بەشێک لە خەرجی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت رادەگیرێت.
ژمارەیەک لە دەزگاکانی حکومەت پشت بە پارەی ساڵانە دەبەستن کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند دەکرێن. هەموو ساڵێک ئەو دەزگایانە داواکاریی بودجەی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو پێشکەشدەکەن، دەبێت و مەرجە داواکارییەکانیان لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت و سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر بکات بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخان بکرێت.
ئەگەر کۆنگرێس تا یەکی ئۆکتۆبەر داواکاریی دەزگاکان پەسەند نەکات، ئەوا حکومەت رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە، واتە پارەدارکردنی دەزگاکان رادەگیرێت و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کارەکانی حکومەت دەبێت لە ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکاش وەک باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەکان.
