تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری "ئەلمۆنیتۆر" دەڵێت: واشنتۆن ترسی هەیە لەبارەی سەلامەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی شەرع بۆ بەرەوپێشبردنی دەسەڵاتێكی گشتگیر و پەیوەندیکردن لەگەڵ رۆژئاوا، رەنگە ببێتە هۆی كردنە ئامانجی لەلایەن توندڕەوە ناڕازییەكانەوە. بەپێویستیشی زانیوە، هەماهەنگی لەبارەی سیستمێکی پارێزگاری له دەوروبەری شەرع بكەن، وتوشەیەتی: دڵنیام بەرژەوەندییەکانمان و بەرژەوەندییەکانی شەرع وەك یەكن، ئەو زیرەکەو متمانەی به کاره کانی هەیە. باراک، تیشکی خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی کە گروپە چەکدارە بیانییەکان دروستیدەكەن، کە پەیوەندییان بەو هەڵمەتەوە كرد شەرع ئەنجامیداو، بووە هۆی روخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی ئەو چەکدارانە لەناو سوپای نیشتمانی، کە ئەزمونی شەڕکردنیان بەدەستهێناوە، رەنگە گروپی وەک داعش بەلای خۆیاندا رایانبكێشێت. نێردەكەی ترەمپ دەشڵێت: تا كاتی یارمەتیدانی فریاگوزاری ئابوری بۆ سوریا درێژە بكێشێت، گروپە پارچەپارچەبووەکان زیاتر دەبن و دەڵێن ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ پەکخستنی، بۆیە دەبێت روبەڕوی ئەو دوژمنانە ببینەوە بەر لەوەی بگەن. جەختشیکردەوە لەوەی، ئەمە پێویستی بە هاوکارییەکی توندوتۆڵ و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری هەیە لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەبری دەستێوەردانی سەربازی. باراک، ئاماژەی بە زنجیرەیەک ئاڵنگاری كردووە كە چاوەڕوانی شەرع دەكەن، لەنێویاندا، یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەناو سوپای سوریا، تێكەڵكردنی یەکەی شەڕکەری بیانی و، چارەسەركردنی کەمپەكانی دەستبەسەركردن لە باکوری سوریا. شەرع دەبێت روبەڕوی ئیسرائیلیش ببێتەوە، کە لە دوای لادانی ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە. شەرع پابەندبونی خۆی بە رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوەتەوەو ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە رۆژێك لە رۆژان. تۆماس باراک، پێشتر داوای رێککەوتنی دەستدرێژینەكردنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیلی کردبوو، ململانێکانیشیانی بە کێشەیەکی قابیلی چارەسەر وەسفکردووە. کاتێک ئەلمۆنیتۆر، پرسیاری لەبارەی ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا کردووە بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ یان دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا، تۆماس باراك وتویەتی: هیوادارین هەردوولا، ئیسرائیل و شەرع، تەنانەت ئەگەر لەم قۆناغەدا قسە لەگەڵ یەکتریش نەکەن، بگەنە لێکتێگەیشتنێک، کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێستا بۆ هەردوولا بە ترسناک بزانن.
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، بەریتانیا هەنگاو دەنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئیتمار بن گەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل بەهۆی لێدوانە "تووڕەو توندەکان"یان لەسەر غەززە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی سیاسەتی وڵاتە یەکگگرتوەکانى ئەمریکایە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی سێشەممە بەریتانیا لەگەڵ کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و نەرویج و وڵاتانی دیکەدا پێکەوە سەروەت و سامانی ئەو دوو وەزیرەى ئیسرائیل بلۆک دەکەن و قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەریاندا دەسەپێنن بۆ ناو وڵاتەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سزایانە بە واتای قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هەردوو وەزیرە ئیسرائیلییەکانە بۆ بەریتانیا، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر دامەزراوەیەکی دارایی کە بنکەکەی لە بەریتانیا بێت مامەڵە لەگەڵیاندا بکات. هاوکات لەبەیاننامەیەکیاندا بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، نەرویج و نیوزلەندا دووپاتى دەکەنەوەکە چارەسەری شەڕ دوو دەوڵەتییە. لەبەرامبەردا، گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بن گڤیر و سمۆتریش بە "توڕەیی" وەسفکرد. سەعر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو حکومەت کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی "ئەم بڕیارە قبوڵنەکراوە" دەدات.
کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق، لەنێویشیاندا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد، کۆبوونەوەی خۆی لە شاری نیویۆرک ئەنجام بدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە گوێ لە راپۆرتی بەرپرسانی یونامی دەگرن. محەمەد حەسان، سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق، یونامی، راپۆرتێک لەبارەی کارەکانی خۆیانەوە پێشکەش دەکات، تیشک دەخاتە سەر کاری یونامی و بارودۆخی ئێستای عێراق. میدیاکان دەڵێن رەنگە بابەتی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک بێت لەو بابەتانەی حەسان لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا باسی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەکردنی کێشەکە نییە؛ ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر بچن. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە، هەموو پابەندییەکانی خۆیان بەرانبەر بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە و دەیەوێت سزای بە کۆمەڵی خەڵک بدات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەرکردوە ناردنی دوو هەزار سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی بۆ لۆس ئەنجلۆس بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەو شارە لە دژی ڕێوشوێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی. شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن وتی: بە ڕێنمایی سەرۆک، وەزارەتی بەرگری 2000 سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی کالیفۆرنیا کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی فیدراڵی بۆ پشتیوانیکردن لە کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی و بتوانن جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بە سەلامەتی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن". ماوەى پێنج ڕۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەکە لە پێکدادانن. هەموو کێشەکەش لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە. ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڵێنیدا زۆرترین "پەناخوازی نایاسایی" دیپۆرتی دەرەوەی ئەمریکا بکاتەوە و سنووری مەکسیک و ئەمریکاش دابخات. سەرەتای کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ترەمپ فەرمانی بە ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ یان ئەفسەرانی کۆچ (ICE) کرد، بەسەر ئەو شوێنانە دابدەن پەناخوازی نایاسایی و بێ بەڵگەنامەی لێن، دەستگیریان بکەن و لە ئەمریکا دەریان بکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "یاخیبووان"ی بە دروستکردنی پشێوی لە لۆس ئەنجلس تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی هەڵمەتەکانی کۆچبەران نارد. رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو کەسانەی کێشە دروست دەکەن، یاخیبووی پیشەگەرن". کاتێک پرسیاری لەبارەی پێکدادانەکانی دووەم گەورەترین شاری ئەمریکاوە لێکرا، گوتی: "ئەوانە خەڵکی خراپن، دەبێت لە زینداندا بن". سەرۆکە کۆمارییەکە، کە رۆژی شەممە تەمەنی دەبێتە 79 ساڵ، هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو بۆچی خۆپێشاندەرانی سەر شەقامەکان یاخیبوون. بەشێکی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچی ئیدارەی ترەمپ ئەو دانیشتووانەشی گرتووەتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدان، کە هەندێکیان خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیین، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی. دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ خۆپیشاندەرانی بە "تووندوتیژ و یاخیبوو" وەسفکرد و گوتی، رێنمایی وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە "کە هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر" بۆ راگرتنی ئەو پشێوییە. سەرەڕای تووڕەییەکەی ترەمپ، هێشتا یاسای یاخیبوونی بەکارنەهێناوە، کە یاسایەکی ساڵی 1807ـە و دەسەڵات بە سەرۆک دەدات بۆ بڵاوەپێکردنی سوپای ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی رووداوی نائارامی و پشێوی. رۆژی یەکشەممە کە پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا بیری لێدەکاتەوە ئەوە بکات گوتی، "ئەوە بەندە بەوەی کە ئایا یاخیبوون هەیە یان نا." رۆژی شەممە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری گوتی، پێنتاگۆن ئامادەیە هێزی سەربازیی چالاک بجوڵێنێت "ئەگەر توندوتیژی لە لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت." کارین باس، سەرۆکی شارەوانیی لۆس ئەنجلس، ئیدارەی ترەمپی بە هاندانی گرژی لە رێگەی ناردنی پاسەوانی نیشتمانییەوە تۆمەتبار کرد. هەروەها سەرکۆنەی ئەو خۆپیشاندەرانەشی کرد کە تووندوتیژ بوون.
لە کاتێکدا کەرتی غەززە بەدەست قەیرانی مرۆیی و هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەک لە حەماس دووپاتکردەوە. مەحمود عەباس لە نامەیەکدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە حەماس هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەبێت، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی سێشەممە. هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانی دەسەڵاتی فەلەستین کرد بۆ بیرۆکەی هێزێکی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە کەرتی غەززە. مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین بۆ ئیمانوێل ماکرۆنى نوسیوە،لاى ئێمە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر جێگای قبووڵ نییە، سوورین لەسەر چەکداماڵینی حەماس و لابردنی لە دەسەڵات لە غەزە. لە نامەیەکدا کە دووشەممە ئاراستەی ماکرۆن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەى کردووە هاوسەرۆکی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە 17 تا 21ی حوزەیران لە نیویۆرک دەبێت، ڕایگەیاندووە "ئامادەیە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ بڵاوەپێکردن لە چوارچێوەی ئەرکێکی سەقامگیری/پاراستن کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕاسپێردراوە". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کرد، کوشتن و گرتنی خەڵکی مەدەنی، قبوڵکراو نییە"، داوای لە بزووتنەوەکە کرد "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات". عەباس چەند مانگێکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فەلەستین کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ. لە میانەی لوتکەی عەرەبی مانگی ڕابردوو (ئایار)، پێویستی بە توانای دەوڵەتی فەلەستین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی لە غەززە دووپاتکردەوە. فەتحیش هەمان کارى کرد، بەتایبەت "دواى تێکچوونى ئەم دواییەى دۆخى ئەمنى لە غەززە و ئازادکردنى چەتە چەکدارەکان"، بە گوتەى وتەبێژى فەتح.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا دوو پیاوی كورد لەبەریتانیا، بەتاوانی کوشتنی هەرزەکارێک سزا دران ،دوای ئەوەی بەئۆتۆمبێلەکەیان لەپاسکیل سوارێكی هەرزەكار دەدەن و دەكەوێتە خوارەوە. لەجیاتی پەیوەندیی بەفریاگوزاری تەندروستییەوە بكەن، چاوەڕێ دەكەن تاگیان لەدەست دەات. ش س، تەمەن ٢٤ ساڵ و ئ م، تەمەن ٣٤ ساڵ، دوای ئەوەی بەئۆتۆمبیل بەدوای هەرزەكارێكی تەمەن ١٩ ساڵان بەناوی (بێن پڕۆكتەر) دەكەون، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو هەرزەكارە گوایە ئۆتۆمبیلەكەیانی شكاندووە لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵ ڕابردوو. لەشەقامی ویلنگتۆن لەشاری پیتەربۆرۆ پاش ئەوەی بەئۆتۆمبێل لەسەر پاسكیل دەیكەنە خوارەوە، لە كاتژمێر نزیکەی ١٠.٢٠ی شەو، هەریەكە لەش و ئ، بەبێهۆشی ئەو هەرزەكارە دەخەنە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەوە، لەكاتێكدا هێشتا لە ژیاندا ماوە، بەڵام ئەوان دەچن فڕێی دەدەنە و ژێر بەرژینێكەوە. دواتریش هەردوو تاوانبار لەجیاتی ئەوەی پەیوەندی بەهێڵی فریاگوزارییەکانەوە بكەن، شوێنەكە جێ دەهێڵن و ڕۆیشتون، تاچاویان بەدوو هاوڕێی تریان بكەوێ، بەناوی ز م تەمەن ٤٧ ساڵ و ه م، تەمەن ٤٠ ساڵ، تابتوانن هاوکاریان بن، بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەو لەناوبردنی بەڵگەکان. دوای كاتژمیرو نیوێك، دەگەڕێنەوە شوێنی ڕووداوەكەو م پەیوەندی بەژمارە ٩٩٩هێڵی فریاگوزاریەوە دەكات، لەكاتێكدا پێیوابووە كە (بێن) مردووە، بەڵام پزیشكانی فریاكەوتنی شاری پیتەربۆرۆ کاتژمێر ١٢:٣٦ خولەکی بەیانی ڕۆژی دواتر هەواڵی بەمردووی ئەو هەرزەكارە ڕادەگەیەنن. ش، لەدوای گەڕانەوەیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە لەوێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێی تاوانەكەیان پەردەپۆش بکات. ئەو بەدرۆ بەپۆلیسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی چەند ئاگادارییەكی لەڕێگای كامێراكانی چاودێری پێگەیشتووە و بینیویەتی (دز) چونەتە ئەوگەراجانەی كەبەكرێی گرتووە بۆ هەڵگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی، لەڕێگاداو لەکاتی گەیشتنیدا، بینیویەتی هەرزەکارەکە لەسەر زەوی كەوتوەو داوای ئاو دەکات، ئەو چووە چووە ئاوی بۆ بهێنێت، بەڵام لەگەڕانەوەیدا بەئیدیعای خۆی قوربانییەكە وەڵامی نەداوەتەوە، پاشان پەیوەندی بە ژمارە ٩٩٩ ی فریاكەوتنەوە کردووە. بەڵام كاتێك یەکەم ئەفسەر دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە تێبینی کردووە کە(بێن) تەنها یەک تاكەپێڵاوی لەبەردا بووە و چەندین برینی پێوەبووە، کەئەمەش لەگەڵ کەوتنێكی ئاسایی یەک ناگرێتەوە. دوای پشکنینی پزیشكی دەركەوتوە هۆكاری مردنی ئەو هەرزەكارە، بەهۆی سەختی برینەکانی ناوەوەی بووە لەكاتی لێدان و بەربونەوەی لەسەر پاسكیلەكەی بەهۆی پێكانیەوە لەلایەن ئۆتۆمبیلەكەوە. هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی بەڵگەكانی لێکۆڵینەوەکان لەڕێگای كامێراكانی چاودێری ناوچەكە تاهۆكاری بارودۆخی ڕاستەقینەی مردنەكەی دەربخات . لە میانی دادگاییکردنێکی هەشت هەفتەییدا، دەستەی دادوەران گوێیان لەوە بوو، کە ئ چۆن تەلەفۆنی بۆ ش ی هاوڕێکەی کردووە، کەبەپەلە بگاتە شوێنی ڕووداوەکە، پاشان بەئۆتۆمبێلێكی سووری کیا، هەرزەكارەكە دەخەنە ناو سندوقەكەوە، هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تی ڤی، ساتەوەختی پێکدادانەکەیان نەگرتووەلەگەڵ پاسكیلەكە، بەڵام دەرکەوتووە کەکیا سورەكە بەرەو لای پەرژینەكە ڕۆیشتوەو گەڕاوەتەوە لەو كاتەیدا كەهەرچوار پیاوەکان، تەرمی (بێنیان) خستۆتە ناو سندوقەكەوە، لەگەڵ ئەوەش نیشانی دەدات كەدەعمی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكە تێکچوو. ڕۆژی (دووشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥)لە دادگای تاجی کامبریج، دوای ٢٤ کاتژمێر و ١٩ خولەک لە وردبینی، دەستەی دادوەران بەكۆی دەنگ، ش س ی نیشتەجێی شەقامی هۆڵدیچ، پیتەربۆرۆ، تاوانباركرد (بەكوشتن) و ساختەو پیلانگێڕی بۆ شێواندنی ڕەوتی دادپەروەرانەی كەیسەكە. هاوكات هاوشانی ئەوێش، ئ م، نیشتەجێی ئۆندل ڕۆد، پیتەربۆرۆ، ئەویش بەبڕیاری زۆرینەی دەنگ تاوانبار كرا بەکوشتنی بەئەنقەست و ساختەكاری لەشاردنەوەی تاوانەكەدا. لەگەڵ ئەوەی دوو كەسی یەكەمیان بەبكوژ ناسێندراون، هەردوو هاوڕێكەی دیكەشیان بەناوی ه م و ز م كەئەوانیش نیشتەجێی لینکۆڵن ڕۆد، نیو ئینگلاند، پیتەربۆرۆ، هەردووکیان بەتاوانباركراون بەساختەكاریی و پیلانگێڕی بۆشێواندنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەی دادپەروەری دادگایی كردنەكە. سەرباری سزادانی ئەو چوار كوردە، دووانیان وەك بكوژ و دووانی دیكەش وەك هاوكارو بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان، دادگا هێشتا ئاشكرای نەكردووە ماوەی سزاكەیان چەند دەبێت، بڕیارە بەو زووانە ماوەی زیندانی كردنیان ڕابگەیەندرێت. ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەكان لەكەیسەكە ڕایگەیاندوە; لەبری ئەوەی داوای یارمەتی بکەن بۆئەو هەرزەكارە، بەڵام بەبرینداری بەجێیان هێشتووە بۆ ئەوەی بمرێت و تاوانەکە پەردەپۆش بکەن تادڵنیابن کەقسە لەگەڵ پۆلیس ناکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەكانمان زۆر جدی بوون، بۆ دۆزینەوەی بكوژو هاوكارەكانیان، وەک شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەو ئەو دوو کەسەی دیکە کەیارمەتیدەر بوون لە هەوڵی پەردەپۆشکردنەکەدا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزوانە لەرێگەی عومانەوە پێشنیارێکی تایبەت بە رێکەوتنی ئەتۆمی پێشەکەشی ئێران دەکات، دەشڵێت: دەبێت واشنتۆن ئەوە بە دەرفەت بزانێت. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیان، بەمزوانە تاران وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیاری ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە و بە نوسراوی فەرمی دەگەیەننە واشنتۆن. وتیشی: چاوەڕواندەکرێت تاران لە وەڵامەکەدا پێشنیارێکی تایبەت بۆ رێکەوتن بخاتەڕو کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، هاوکات لای خۆیەوە هەنگاو بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانیی و تۆمەتەکانی ئەمەریکا لەبەرامبەر هەڵگرتنی کاریگەری سزاکان، دەنێت. بەقایی دەشڵێت: ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی خولی داهاتوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، دەردەبڕێت بە مەرجێک هێڵە سورەکانی تاران بپارێزرێت. سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەقایی وتیشی: "مەرج نییە هەمو وڵاتێک کە یۆرانیۆم دەپیتێنێت، ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆرێک لە وڵاتان بەبێ ئەوەی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییان هەبێت، یۆرانیۆم دەپیتێنن". ئاماژەی بەوەشکرد: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەژێر فشار و کاریگەریی سیاسی سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر ئێران ئامادەکرد کە دواتر ئەو راپۆرتە بە مەبەستی خراپ کەڵکی لیوەرگیرا.یب
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییانی 12 وڵات بۆ ئەمەریکا، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە دەرچووە، درەنگانی شەوی یەکشەممە، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. قەدەغەکە"لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تیرۆریستانی بیانی و هەڕەشەی دیکە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی" دەرچووە، بەپێی جاڕنامەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، قەدەغەکە، هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، کۆنگۆ، کینیا، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سوودان و یەمەن دەگرێتەوە. ئیدارەی ئەمەریکا کە سیاسەتێکی زۆر توندی کۆچبەری گرتووەتەبەر، پاساو بۆ دانانی خۆی لە لیستی قەدەغەکردنەکەدا هێنایەوە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی دەزگای کاریگەر لەو وڵاتانە بۆ پشکنینی تەندروستیی گەشتیاران و مەیلی هاووڵاتییان بۆ مانەوە لە ئەمەریکا دوای تەواوبوونی ڤیزاکانیان. هەروەها سنووردارکردنی ڤیزا بەسەر هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیکەدا سەپێندرا کە بریتین لە؛ بۆرۆندی، کوبا، لائۆس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا.
ئەسکاندەر زورین، وتەبێژی گروپی دانوستانکاری ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى وەجبەی یەکەمی تەرمی سەربازانی ئۆکراینی گەیاندووەتە شوێنی ئاڵوگۆڕەکە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە میانی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ لە ٢ی حوزەیران ئەنجامدراون. ئەو وتەبێژە ئەوەشى خستەڕوو لایەنی ڕووسی بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە لە ٢ی حوزەیران لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، و بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی ڕێککەوتنی لەسەر کرا، تەرمی سەربازە ئۆکرانیاکانی ڕادەست کرد، کە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی ئاڵوگۆڕکردن ئامادەکرابوون. ڕوونیکردەوە، وەجبەی یەکەم هەزار و ٢١٢ تەرمی سەربازی ئۆکراینی لەخۆگرتبوو، ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێکیان ناسنامەیان بۆ کراوەتەوە، هەروەها سەرجەمیان وەک سەرباز لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا پشتڕاستکراونەتەوە، چ بە جلوبەرگی سەربازییان و چ بەهۆی ئەو شوێنانەی کە دۆزراونەتەوە". زورین جەختیشی لەوە کردەوە کە لایەنی ڕووسی بە تەواوی ئامادەیی هەموو ڕێککەوتننامەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی تەرمی سەربازە کراوەکانی ئۆکرانیا و ئاڵوگۆڕی دیلەکان جێبەجێ بکات. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامادەییمان پشتڕاست دەکەمەوە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٦ هەزار تەرم بە وەجبە، لە ڕێگەی گواستنەوەی وشکانی و شەمەندەفەرەوە. ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو مشتومڕە بەردەوامە بدات کە گوایە ئەم ئۆپەراسیۆنە سروشتێکی سیاسی هەیە. دەشڵێت "ئەمە دەستپێشخەرییەکی تەواو مرۆییە و یەکەم دەستپێشخەری نییە و بەداخەوە ڕەنگە دواهەمینیش نەبێت، ئێمە لایەنی ڕووسیا بە تەواوی پابەندین بە جێبەجێکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان، جا چ سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی سەربازانی ئۆکرانیا بێت یان ئاڵوگۆڕی دیلەکان".
دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک؛ سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر مەسک و بە "بێڕێز" ناوی برد و وتی، "نابێت بێڕێزی بەرامبەر سەرۆک بکەیت. ئەگەر پاڵپشتیش لە دیموکراتەکان بکەیت، لێکەوتەی خراپ چاوەڕێت دەکات". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسکی سەرمایەدار و راوێژکاری پێشووی قووڵتر کردەوە و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مەسک دەکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حەز دەکات لەگەڵ مەسک قسە بکاتەوە، وتی، "نەخێر". لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا پێیوایە پەیوەندییەکەی لەگەڵ مەسک کۆتاییهاتووە، ترەمپ وتی، ''وای دەبینم، بەڵێ''. رەمپ و مەسک هەفتەی ڕابردوو، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی ئێکس و ترووس سۆشیال، هێرشیان کردە سەر یەکدی، نوێترین قسەی ترەمپیش بۆ هاوڕێ کۆنەکەی ئەوەیە کە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا مەسک دژ بە کۆمارییەکان بێت و پشتیووانی لە دیموکراتەکان بکات، باجێکی قورس دەدات. ترەمپ رۆژی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ ترووس لەبارەی ئەو پێشنیازەوە نووسی، "ئاسانترین رێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییە داراییەکان و گرێبەستەکانی حکومەتە لەگەڵ ئیلۆن." ترەمپ دەڵێت، "زۆر سەرم سوڕماوە کە بایدن چۆن بیری لەو کارە نەدەکردەوە!" هەڕەشەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە مەسک، سەرۆکی ئەمریکای بە "سپڵە" ناوبرد و رایگەیاند، بێ ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەدەبردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو سەرمایەدارە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بەخشییە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ. هەروەها شەوی هەینی ترەمپ جارێکی دیکە بە نەرێنی قسەی لەبارەی مەسک کرد و گوتی، "عەقڵی لەدەستداوە." مەسکیش بێ بەڵگە ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ئابڕووچوونی سێکسی لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر سەرمایەدار ئەمریکی جێفری ئێپستین تێوەگلاوە کە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ بوو. مەسک بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتیش بوو کە ئامانج لەو فەرمانگەیە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بوو لەگەڵ بچووککردنەوەی قەبارەی دامودەگاکانی حکومەت. سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و مەسک بۆ هەفتەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی پرۆژە یاسایی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکای ناردە کۆنگرێس و ئیلۆن مەسک دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆژە یاسایی دەربڕی و بە "کارەسات" ناوی برد.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات. رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە. ئەو وتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین." ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جارێكی جەختیكردەوە: کردەوە واشنتۆن رێگە بە تاران نادات لەناو وڵاتەکەیدا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبدات. ترەمپ، لە لێدوانێکی کورتدا، لەناو فڕۆکەکەی لەوەڵامی پرسیارێكداسەبارەت بە قسەكانی رابەڕی باڵای ئێران كە وتی، دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، رایگەیاند: "نابێت پیتاندن بكەن، ئەگەر پیتاندن بکەن، ناچارین جوڵە بكەین و رێگەیەكی جیاواز بگرینەبەر"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاڕاستەیەکی دوور لە دانوستانەکان، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئەو ئاڕاستەیە چی دەبێت. ترەمپ، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، ئارەزووی ئەوە ناکات ئەنجامی بدات بەڵکو ناچار دەبێت، لە کۆتاییدا وتی: "هیچ بژاردەیەکی ترمان نابێت... رێگە بە پیتاندن نادەین". ئەم لێدوانانەی ترەمپ، دوای دوو رۆژ دێت لە رەتکردنەوەی پێشنیازی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، كە تیایدا عەلی خامەنیی رابەڕی باڵای ئێران جەختیكرد، تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکەی لەگەڵ ترەمپ، ئیلۆن مەسک لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی گشتییەوە لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى "X" پێشنیارى بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ دەخاتەڕوو بۆ نوێنەرایەتیکردنی "زۆرینەی بێدەنگ" لە ئەمریکا. چەند ڕۆژێکە شەڕە قسەى نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و ئیلۆن مەسک خاوەنى کۆمپانیاکانى سپەیس ئێکس و تێسلا و تۆڕى ئێکس گەرمە و کاریگەریی گەورەى لەسەر بازاڕى پشکەکانى ئەمریکا و دراوە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە. هەردووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خۆیانەوە کە ترەمپ خاوەنى تروس سۆشیاڵە و ئیلۆن مەسک خاوەنى ئێکسە، قسە بە یەکترى دەڵێن. ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک ئاماژەی بەوەدا کە "پێویستە پارتێکی سیاسی نوێ لە ئەمریکا دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتی ئەو 80%یە بکات کە لە ناوەڕاستدا وەستاون" لە نێوان پارتەکانی کۆماری و دیموکرات لە ئەمریکا. ئەم دوورخستنەوەیە لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی مەسک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای چەند ڕۆژێک لە وازهێنانی لە حکومەتی ئەمریکا. ناکۆکییەکە بە ڕەخنەی ماسک لە پڕۆژە یاسای باج و خەرجییەکانی ترەمپ دەستی پێکرد. ترەمپ نائومێدی خۆی لە ئیلۆن ماسک دەربڕیبوو کە هاوپەیمانی خۆی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا و لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە وەزارەتی کارایی حکومەت کاریان کردبوو پێش ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا بە فەرمی بڕوات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئیلۆن مەسک "عەقڵی لەدەستداوە"، بەڵام پێداگریی کرد کە دەیەوێت جیابوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ملیاردێرە پێشووەکەی بە ئاسانی تێپەڕێنێت. ئەم جیابوونەوە ئاشکرا و تووندەی نێوان دەوڵەمەندترین و بەهێزترین کەسی جیهان، لە هەموو روویەکەوە پڕە لە مەترسیی سیاسی و ئابووری. بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ترەمپ بیرۆکەی قسەکردنی لەگەڵ مەسک رەتکردووەتەوە، تەنانەت بیری کردووەتەوە کە دەستبەرداری ئەو تێسلا سوورە ببێت کە لە لووتکەی پەیوەندییە گەرموگوڕەکەیاندا کڕیبووی. ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا زەبەلاحە "گەورە و جوانەکەی" – کە رەخنە تووندەکانی مەسک لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا بووە هۆی جیابوونەوەکەیان. بەڵام سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 78 ساڵەکە نەیتوانی خۆی بگرێت و هێرش نەکاتە سەر مەسکی هاوڕێی، کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە.
ئێرۆل مەسک، باوکی ملیاردێر ئیلۆن مەسک، دووپاتیکردەوە کە شەڕی قسەی نێوان کوڕەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "دوای چەند ڕۆژێک کۆتایی دێت"، بە تەنها ململانێی نێوان "دوو گەورە" وەسف دەکات. لە دوێنێوە شەڕە قسەى نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و ئیلۆن مەسک خاوەنى کۆمپانیاکانى سپەیس ئێکس و تێسلا و تۆڕى ئێکس گەرمە و کاریگەریی گەورەى لەسەر بازاڕى پشکەکانى ئەمریکا و دراوە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە. هەردووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خۆیانەوە کە ترەمپ خاوەنى تروس سۆشیاڵە و ئیلۆن مەسک خاوەنى ئێکسە، قسە بە یەکترى دەڵێن. لەوەڵامى پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسان لە هۆڵی فڕۆکەخانەی دەهلی، ئێرۆل مەسک قسەى لەسەر ئەو مشتومڕەى ناو سۆشیال میدیا کرد کە سەرنجی جیهانی بەدەستهێناوە و بە "کەمێک گاڵتەجاڕانە" وەسفیکردووە و بەهۆی گرژی و ماندوێتی لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتدا بووە. لەبارەی بڕیارەکەی ئیلۆن ماسک بۆ هێنانە پێشەوەی فایلەکانی جێفری ئیپستین لە هێرشەکەی بۆ سەر ترەمپ، ماسک دانی بەوەدانا کە سەری لێ شێواوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "نازانم بیری لە چی دەکردەوە، تەنها دەتوانم بیهێنمە پێش چاوم کە ئەوە تەنها هەڵەیەکی گەمژانە بووە"، ئەو هەنگاوەی بە ئەنجامی فشاری دەروونی وەسفکرد نەک ستراتیژی. باوکی ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە دانی بەوەدانا کە کوڕەکەی نیگەرانە لەوەی کە بە ئیستغلالکردنی هاندانە داراییەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ دەرکردنی یاسا، خاڵێک کە دەوترێت ناکۆکی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا دروستکردووە. سەرەڕای گرژییە گشتییەکان، ئێرۆل ماسک متمانەی خۆی دەربڕی کە ناکۆکی نێوان ئیلۆن و ترەمپ تەمەنی کورت دەبێت. دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، پێیوابووە ئیلۆن مەسک کەسێکى ژیرە، بەڵام بەوشێوەیە نییە، دەشڵێ، ئۆتۆمبێلەکانى بۆ ساغنابێتەوە و کەس لێى ناکڕێت، ئەو یارمەتیداوە و ئۆتۆمبێلەکانى هێناوەتە کۆشکى سپى و نمایشىکردووە بۆئەوەى هانى خەڵک بدات ئۆتۆمبێلى تێسلا بکڕن، هەروەها دەڵێ، مەسک شێت بووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەى هەڵیت و پەڵیت دەکات. لە بەرامبەردا ئیلۆن مەسک دەڵێ، ئەگەر ئەو نەبووایە ترەمپ لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا دەرنەدەچوو و ئێستا ئەو سەرۆک نەدەبوو، هەروەها دەشڵێ، لە دۆسیەى جیفرى ئێپستاین کە بازرگانى بە مرۆڤەوە دەکرد و منداڵباز بوو، تێوەگلاوە، هەربۆیە دۆسیەکەى ئاشکرانەکراوە، تەنانەت دواى گیانلەدەسدانیشى لەزیندان، دۆسیەکەى داخراوە، ئیلۆن مەسک گوتیشی، ترەمپ پێشتر چەندینجار سەردانى ئێپستاینى کردووە و لە دۆسیەکانى بازرگانیکردن بە جەستەى مرۆڤ و تێرکردنى ئارەزووەکانى ناوى لە دۆسیەکەیدا هاتووە.
دوو بەرپرسی ئاگاداری ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمریکا کە هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەگەر ئەوکاتەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ئاماژە بەوەبدات کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران شکستی هێناوە. بەرپرسێک ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە ڕوونی بۆ هاوتا ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئیدارەی ترەمپ سەرسام ناکات. بە گوتەی ئەو دوو بەرپرسە ئیسرائیلییە، حکومەتى ئیسرائیل ئەو پەیامە دڵنیاکەرەوەیەی بە ئەمریکا گەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو لە سەردانێکیدا بۆ واشنتۆن لەلایەن ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد و تزاچی هانێگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. واشنتۆن ماوەی چەند هەفتەیەکە نیگەرانە لە ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل پلانی بۆ هێرشکردنە سەر تاران داناوە، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران. ترەمپ پێشتر هۆشداری دابوو بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازی لە کاتێکدا دانوستانەکان بەردەوامن. بەڵام ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستەکەی "دەتوانێت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بگۆڕێت" ئەگەر هەست بکات وتووێژ لەگەڵ ئێران هیچ بەرهەم ناهێنێت.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت: وڵاتانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ناتوانن پشت بە واشنتۆن ببەستن بۆ ئەوەی بەرگرییان لێبكات، داواشی لێکردن رێككەوتن بكەن لەسەر خەرجکردنی (5%)ی كۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆییان بۆ بەرگری. هێگسێت ئەمڕۆ، لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتاکانی لە ناتۆ لە شاری برۆکسل رایگەیاند: پەیامەکەمان بە روونی دەمێنێتەوە، خۆپاراستن و ئاشتی لە رێگەی هێزەوە، بەڵام ناكرێت دۆخی پشتبەستن بە ئەمریکا هەبێت لە جیهانێکی پڕ لە هەڕەشەدا. وەزیری بەرگری ئەمریکا پێش کۆبونەوەکەش، بە رۆژنامەنوسانی وت: پابەندبون بە خەرجکردنی (5%)ی كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرگری لە وڵاتانی ناتۆ، كارێكە شایەنێتی. وتيشی: ئامادەیی شەڕكردن پێویستە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک هەبێت، ئێمە لێرەین بۆ درێژەدان بەو کارانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەستی پێکرد، ئەویش پابەندبونە بە خەرجکردنی لەسەدا (5%) بۆ بەرگری لەم هاوپەیمانییەدا. پێشیوابوو تا کاتی کۆبونەوەی لوتکە لە لاهای لە کۆتایی ئەم مانگەدا، ئەمە رووبدات.