ئەمریکا "بەتووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات
4 كاتژمێر لەمەوپێش
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە تووندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەسەر هێرشەکەی دوێنێ شەوی کێڵگەی گازی کۆرمۆر قسەیان کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، "بە توندترین شێوە، هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو لا هاوڕا بوون "دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەرێمی کوردستانیش رێکار و پێداویستییەکانی خۆپارێزی لە دژی ئەم جۆرە هێرشانە دابین و بەهێز بکرێن و ئەو کەسانەی لە پشت ئەو هێرشە تیرۆریستییانەن ئاشکرا و رادەستی یاسا بکرێن".
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
