مارک ساڤایا: پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز دەکەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە پەیامێکی تونددا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکیی دوژمنکارانە وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: هەموو ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشەوەن شوێنپێیان هەڵدەگرین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکەی کردووە، نێردەکەی دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی ڕوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەرانبەر هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاشکرا کرد.
ساڤایا بە زمانێکی توند داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە،بەپەلە ناسنامەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە لە پشت ئەم دەستدرێژییەوەن و ڕادەستی دادگایان بکات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: با زۆر ڕوون بێت، لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا، هیچ شوێنێک بۆ ئەم گرووپە چەکدارانە نییە.
نێردەکەی ترەمپ جەختیش دەکاتەوە، بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن و هۆشداری دەدات: هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و ئەوانەشی پاڵپشتییان دەکەن، شوێنپێیان هەڵدەگیرێت، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و سزای خۆیان وەردەگرن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مارک ساڤایا پشتیوانیی ئیدارەی ئەمریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دووپات کردووەتەو، هاوکات هانی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەنەوە و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی ئابووری و وزەی وڵات بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا، مارک ساڤایا پابەندبوونی نەگۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق و دڵنیابوون لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سەرجەم هاووڵاتیان.
