ئەو سەرۆکەی چووە بە گژ قولەی قافدا

44 خولەک لەمەوپێش



جار جار بە تەنزەوە بە ترەمپ دەڵێت: لە تایلەر سوفیت زیاتر بە ناوبانگت کردووم لە ئەمریکا

ئامادەکردنی هاوڵاتی

نیکۆلاس مادۆرۆ، ماوەی سێ خول و زیاتر لە 12 ساڵە سەرۆکی ڤەنزوێلایە لە دوای مردنی هۆگۆ چافیز و دەیەوێت تاساڵی 2031 ـیش بەردەوام بێت.

مادۆرۆ  هاوشێوەی جاڤیز کێشەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەداگیرکار ناوی دەبات، بەڵام کێشەکانی مادۆرۆ لە دوای خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی زیاترسەریهەڵدا، بەجۆرێک بە تەنز و سەما پەیام بۆ ئەمرکییەکان دەنێرێت.

پێتان دەڵێم ئەم شەڕ و بەزمەی ترەمپ و مادورۆ لەسەر چییە.

لە تەمموزی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ڤەنزوێلا بەڕێوەچوو، هەڵبژرادنی سەرۆکیش لەو وڵاتە بەگوێرەی دەستوور شەش ساڵە، بەڵام لە 10ـی کانوونی دووەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت.

هەر زوو ئەمریکا، خولی سێیەمی مادۆرۆی رەتکردەوە و سزاکانی سەری بەردەوامی پێدا و بە سەرۆکێکی گەندەڵ ناساندی. هەر ئەوەش نا، ترەمپ لە 28ـی هەمان مانگ بڕیاری راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی 600 هەزار هاوڵاتی ڤەنزوێلی هەڵوەشاندەوە کە بایدن ئیمزای لەسەر کردبوو، بەڵام ئەم دەستیکرد بەناردنەوەیان.

ئیدارەی ترەمپ لە 8ـی ئابدا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک بتوانێت مادورۆ بگرێت و رادەستی ئەمریکای بکات.  مادۆرۆ لە کاردانەوەی سزاکان و داواکارییەکان لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، دیارییەکی نوێی لەلایەن چینەوە بۆ هاتووە، ئەویش مۆبایلێکە لە جۆری هواوی.

ئیدی گرژییەکان زیاتر بوو بەجۆرێک سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا چالاکی دەستپێکرد و سوپای ئەمریکاش تائێستا چەند هێرشێکی کردووەتەسەر ئەو بەلەم و کەشتییانەی هەڵگری ماددەی هۆشبەرن لە دەریای کاریبی. میدیای ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوو جار هێرشکراوەتە سەر بەلەمێک و 11 کەس کوژراون. دوای ئەم هێرشانە مادۆرۆ قسەکانی هێواش کردەوە و لە دیدارێکدا گوتی، شەڕ رەتدەکەینەوە و ئاشتی باشە. ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە.

مادۆرۆ بێجگە لە لێدوانە توندەکانی بە قسە خۆشەکانیشی ناوبانگی هەیە. لە سەرەتای مانگی رابردوو گوتی، ئەمریکا هێندە دژایەتی کردووم ئێستا لە تایلەر سویفت بە ناوبانگترم، ئەگەر ئەلبومێک دەربکەم بە قازانجەکەی یارمەتی گەلەکەم دەدەم.

ئەمریکا چی لە ڤەنزوێلا دەوێت؟ ئەمریکا گۆڕینی حکومەتەکەی مادۆروی کردووە بە مەرجی سەرەکی و هەموو سنوورە ئاسمانییەکانی ڤەنزوێلای داخستووە. واشنتن پێیوایە سەرۆکی ئێستا بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکات و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشیی ناوخۆی ئەمریکا. ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکای زیاتر کردووە نزیکبوونەوەیەتی لە چین کە رکابەرێکی سەرسەختی واشنتنە.

پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ رایگەیاندبوو، ترەمپ بە مادۆروی گوتووە، ئەگەر بەرەزامەندی خۆی دەستلەکار نەکێشێتەوە، ئەوا ئەمریکا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی هێزە. ترەمپ و مادۆرۆ لەم چەند رۆژەدا بە تەلەفون قسەیان کرد و سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتراستکردەوە.

کەناڵ سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، مادۆرۆ ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێت بەڵام لەدوای 18 مانگ ئەو کارە دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار