نەتانیاهۆ بۆ سەرۆکی ئیسرائیل: داوا دەکەم لێخۆشبوونم بۆ دەربکەیت
15 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی دادگاییکردنی درێژخایەن بوەتەوە نوسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران بە رەسمی داوایەکی پێشکش کردوە بۆ ئەوەی لێی خۆشبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بڵاوکردوەەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، بە رەسمی داوای کردوە لێی خۆش بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیدا.
نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە ئەمە داواکارییەکی ناوازەیە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و دوای وەرگرتنی هەموو بۆچوونە پەیوەندیدارەکان، سەرۆک بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە داواکارییەکە لەبەرچاو دەگرێت.
ئەو داواکارییەی ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کراوە بۆ لێخۆشبون دوو بەڵگەنامەی لەخۆگرتوە، کە بریتین لە نامەیەک کە واژۆی پارێزەری سەرۆک وەزیران و نامەیەکی دیکەی کەسی، کە واژۆی خودی ناتانیاهۆی لەسەرە.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ "کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنی دەستبەجێ پاڵپشتی لە ئاشتەوایی نیشتمانی دەکات".
لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، ناتانیاهۆ رایگەیاندوە؛ لە بەرژەوەندی کەسی خۆیدایە، کە رێوشوێنە یاساییەکان تا کۆتایی تەواو بکات بۆ بەدەستهێنانی بێتاوانی، بەڵام "واقیعە سەربازی و نیشتمانییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی بە پێچەوانەوە بڕیار دەدەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دادگاییکردنی بەتۆمەتی گەندەڵیی "دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا".
ئەمە لە کاتێکدایە، نەتانیاهۆ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی بەرتیلدان، ساختەکاری و شکاندنی متمانە لە پەیوەندی لەگەڵ سێ دۆسیەی جیاوازدا دادگایی دەکرێت و ناوبراو بەردەوام رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی نادروستی کردبێت و تا ئێستاش دادگایکردنەکەی بەردەوامە.
