ترەمپ: لەگەڵ چین ڕێککەوتین

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سەرۆکی ئەمەریکا، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی چین ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دوای گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی گرنگ" بۆ جووتیاران و تاوتوێکردنی دۆسیەی جەنگی ئۆکرانیا، بانگهێشتی یەکتریان کردووە بۆ ئەوەی لە پەکین و واشنتن دیداری لووتکە ئەنجام بدەن.

دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ شیی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گفتوگۆمان لەسەر زۆر بابەت کرد، لە وانە ئۆکرانیا و ڕووسیا، ماددەی هۆشبەری فێنتانیل، سۆیا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە کرد.

ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنێکی باش و زۆر گرنگمان بۆ جووتیارەکانمان کرد و دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت، جەختیشی دەکاتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ چین یەکجار بەهێزە.

ترەمپ ئاماژەشی داوە، ئەم پەیوەندییە تەواوکەری کۆبوونەوە سەرکەوتووەکەمان بوو لە کۆریای باشوور کە سێ هەفتە لەمەوبەر کرابوو. لەو کاتەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە هەر دوو لاوە هەبووە لە پاراستن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانمان بە شێوەیەکی ورد و ئێستاش سەرنجمان لەسەر ئامانجە گەورەکان.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکی چین بۆ نیسانی 2026 بانگهێشتی پەکینی کردووم و منیش قبووڵم کرد، هاوکات لە بەرانبەردا شی جینپینگم بۆ کۆتایی ئەمساڵ بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد.

پێنجشەممە، 30 تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی دۆنالد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ لە شاری بووسانی باشووری کۆریای باشوور بەڕێوەچوو؛ دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە سازان لەسەر بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، دۆنالد ترەمپ گوتبووی، دەستبەجێ چین بەرهەمی سۆیا و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا دەکڕێت. ڕاشیگەیاندبوو، ڕازی بووە لەسەر ئەوەی بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار