کودەتا روویدا و سەرۆکی وڵاتەکەش دەستگیر کرا
13 كاتژمێر لەمەوپێش
لە گینیا بیساو، سەرۆکی ئۆفیسی سەربازیی سەرۆکایەتی کۆمار، دێنیس نکانها، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتیان کردووە.
کۆمەڵێک ئەفسەر بە سەرۆکایەتی نکانها، بەرپرسی ئۆفیسی سەربازیی سەرۆکایەتی کۆمار، لە بارەگای ئەرکانی گشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و خۆیان بە ''فەرماندەیی باڵای سەربازی بۆ گەڕاندنەوەی ڕێکوپێکی'' ناوبرد. هەروەها رایانگەیاندووە کە تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەیان بەدەست گرتووە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەمەش کراوە کە تا روون بوونەوەی دۆخەکە هەموو دەروازەکان دادەخرێن و پرۆسەی هەڵبژاردنەکەش رادەگیرترێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی 23ی ئەم مانگەدا لە گینیا بیساو، ئیمبالۆ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە 65%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەگوێرەی ژماردنێک کە لەلایەن تیمەکەی خۆیەوە ئەنجامدراوە، پێش ئەوەی ئەنجامە فەرمییەکان ڕابگەیەنرێت.
هەروەها بەهێزترین ڕکابەری ئیمبالۆ، کاندیدی سەربەخۆ، فێرناندۆ دیاس دا کۆستا، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد.
ئومارۆ سیسۆکۆ ئیمبالۆ تۆمەتبار کرابوو کە ڕێگری لە کاندیدکرانی دۆمینگۆس سیمۆیس پێرێرا سەرۆکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن کردووە.
پێرێرا سەرۆکی یەکێک لە پارتیە سەربەخۆ و گرنگەکانی گینیا بیساوە کە دوای ئەوەی نەیتوانی کاندید بکرێت، پشتیوانی خۆی لە دیاس دا کۆستا ڕاگەیاند.
هەروەها ئیمبالۆ و پێرێرا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2019 لە گینیا بیساو بانگەشەی سەرکەوتنیان کردبوو و قەیرانێکی سیاسیی لێکەوتەوە کە چەند مانگێکی خایاند.
گینیا بیساو، وڵاتێکی ڕۆژئاوای ئەفریقایە و لە ساڵی 1974 سەربەخۆیی لە پورتوگال بەدەستهێناوە، تا ئێستا لانیکەم 12 کودەتای بەخۆیەوە بینیوە.
گینیا بیساو بەهۆی شوێنی جوگرافی و کەلێنە یاساییەکانییەوە، رێگایەکی گونجاوە بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، هەربۆیە بە "دەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان" ناسراوە و یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهانە.
