نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسیەکەی ڕاگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی". سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن ڕایگەیاندووە، "لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەیشتە ئەنجام". ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سود لەم دەرفەتە وەربگیرێت، تورکیاش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی بەردەوام. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە وردی باسی دەستپێشخەریی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێڤ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کرێملین دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دەستپێشخەریی سەرۆکی ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە پێشنیازکراوە لە 15ی ئایارەوە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، بە وردی گفتوگۆی لەسەر کراوە. کرێملین زیادی کرد: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم پێشنیازە ڕووسیایە دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی سەکۆی ئیستەنبوڵ دووپاتکردەوە. لایەنی تورکیا هەموو هاوکارییەکی مومکین لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێشکەش دەکات. کرێملین هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەردوو سەرۆک هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەربڕیوە، لەوانە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی هاوبەش لە کەرتی وزەدا. سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." تاوەکو ئێستا ئۆکراینا وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی پووتینی نەداوەتەوە. سەرکردەکانی رۆژئاواش رایانگەیاند، داوکاریی ئاگربەستی 30 رۆژە، پێشنیازێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسیان کردووە و ئەویش هاوڕایە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو داواکارییەیان بۆ ئاگربەست "دەبێت قبووڵ بکرێت."
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی تەواو لە پلانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی غەززە، کە ئیسرائیل بەشێک نابێت لێی. ساعر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: ئیسرائیل بە تەواوی پشتگیری لە پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ دەکات، ڕۆژى هەینی لەلایەن مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل پێشکەشکرا. ترەمپ لەم دواییانەدا بەڵێنێکی ئەمریکای نوێکردەوە بۆ یارمەتیدانی گەیاندنی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. هەروەها نوێنەری واشنتۆن لە ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە میکانیزمێک کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لایەکى دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "رێوشوێنی تاکلایەنە" دەگرێتەبەر لە بەرامبەر هەر دانپێدانانێک بە دەوڵەتێکی فەلەستین، ئەمەش دوای لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە. ساعر وتی: هەر هەوڵێک بۆ دانپێدانانی تاکلایەنە تەنها زیان بە ئاسۆی داهاتووی پرۆسەیەکی دوولایەنە دەگەیەنێت و پاڵمان پێدەنێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەنگاوی تاکلایەنە بگرینەبەر. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی لە غەززە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، پێیوابوو چارەسەری سیاسی دەبێت هەنگاوى یەکەم بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی "ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر بکات"، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکەی "ناتوانێت ڕەخنە لە ڕێبازی حکومەتی ئیسرائیل بگرێت".
شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیندستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناڕەوا. هاوکات پیرۆزبایی لە گەلی پاکستان کرد بۆ ئەو سەركەوتنەی بەدەستیانهێنا لە شەڕی چەند رۆژەیان لەگەڵ هیندستان، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. شەریف لە وتارێکدا وتی: ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ هێزە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ سەركەوتنی تەواوی گەل و مێژوو باسی دەكات كە چۆن هێزە چەکدارەکانی پاکستان و فڕۆکە جەنگیەکانی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سوپای هیندستانیان بێدەنگ کرد. سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە دیارترینیان، دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و، ناوچەی کشمیری کێشە لەسەرە، داوای دیالۆگی جدیشی لەگەڵ نیودەلهی کرد. گرژییەکانی نێوان پاكستان و هیندستان لە دوای هێرشێکی چەکداری پەرەیسەند كە لە (22)ی نیسانی رابردوو لە ناوچەی کشمیر بەشە هیندیەكە روويدا، بەهۆیەوە (26) کەس کوژران، كە زۆرينەیان گەشتیارانی هیندستان بوون. لە كاردانەوەی هێرشەکەدا، هیندستان مانگی رابردوو بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی سندی راگەیاند، کە رێککەوتننامەی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات. شەریف لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، هاوكات سوپاسی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانەى كرد بەشدارییان لە رێککەوتنەکەدا کردووە، رۆڵی چین و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پاکستان بەرز نرخاند.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەست پێ دەکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکی ڕایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە نیازە ئەمڕۆ بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات." گەڕی چوارەمی دانوستانەکان، لە سەرەتادا بڕیار بوو لە 3ـی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، بەڵام دواخرا و عومان "هۆکاری لۆجستی"ی بۆ ئەو کۆبووەیە هێنایەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران بێبەشکردنی "مافی ئەتۆمی" بێت، تاران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت. عراقچی، وتەکانی ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دانوستانە ئەتۆمییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عومان هات. میدیای فەرمییەکان لە زاری عراقچیەوە نووسیویەتی: ئەگەر ئامانجی دانوستانەکان بێبەشکردنی ئێران بێت لە مافە ئەتۆمییەکانی، بەڕوونی باس لەوە دەکەم "ئێران دەستبەرداری هیچ مافێکی خۆی نابێت." ئێران چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان ناکات، هەروەها داواکارییەی "پیتاندنی سفر"ی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکاوە پێشکەشی کراوە. بەڵام نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "دامەزراوەکانی پیتاندن لە ئێران "دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە" بەپێی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا کشانەوەی واشنتنی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگەیاند، ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، بەڵام هێرشى هەردوولا بەردەوامەو ناوببەناو دەنگی تەقینەوە دە بیسترێت. وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، پاکستان چەند جارێک ئاگربەستی پێشێلکردووە و هێزە چەکدارەکانمان وەڵامی پێویست و گونجاوی ئەو پێشێلکارییانە دەدەنەوە. سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێزە چەکدارەکانی هیندستان دەستیان کردووە بە وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی پاکستان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتن بەو ڕێککەوتن لە ڕۆژی شەممە. ئەو دووپاتیکردەوە کە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شارەکەیان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکان ڕێنمایییان پێگەیشتووە کە "بەخێراو بەهێرشى خێرا مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکان بکەن"، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس. هەروەها داوای لە پاکستان کرد پێشێلکارییەکە ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە پاکستان ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە کە ئەمڕۆ لەسەری ڕێککەوتوون. سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە بیستنی تەقینەوە و بینینی موشەک لە جامو و کشمیر کردووە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز. ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست. رۆژی 22ـی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا داخست. هیندستان و پاکستان ڕۆژی شەممە لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، ئەمەش دوای خراپترین پەرەسەندنی سەربازیی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا. بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان لە کشمیر نیگەرانییەکانی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئیسرائیل خراپە و تاوانکاری ناوچەکەیەو، لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا هەمیشە بۆ وڵاتانی دراوسێ مایەی نائارامی و هەڕەشە و شەڕ بووە. لە دەوحەی پایتەختی قەتەرو لە وتارەکەیدا لە لوتکەی وتووێژی جیهانی ئێران و عەرەبی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وتى: ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، سووریا و لوبنانی کردووەتە پەناگەیەک بۆ دەستدرێژی و هێرشە تیرۆریستییەکانی و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، ئێستا ئیسرائیل گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە بە پشتیوانی ئیسرائیل ئەمریکا خۆی خستۆتە پێگەی هاوبەش و هاوبەشێک لە تاوانەکانی، وتیشى: بیرۆکەی دوو دەوڵەت کە بۆ دەیان ساڵ بەهۆی وەهمی دروستبوونیەوە دواکەوتبوو، بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی فەلەستین، باشترین هەنگاوە. سبەی یەکشەممە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی تاران دەستپێدەکەنەوە و بەگوێرەی ئەوەی لایەنەکان ڕۆژی هەینی پشتڕاستیان کردەوە، خولی چوارەمیش بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا میوانداریکردنی مەسقەتی پایتەختی عومان. عەباس عەرەقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتوو، سبەی یەکشەممە، لە شاری مەسقەت، کە چەند هەفتەیە بەردەوامە. پێچەوانەی سێ دانیشتنەکانی دیکە، ئەمجارە دیارە ئەمریکا خۆی لە ئاست یۆرانیۆمی ئێران، یەکلاکردووەتەوە، ترەمپ ئێرانێكی سفر یۆرانیۆم و سفر ژێرخان و سەرخانی ئەتۆمی دەوێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بەرنامەی پیتاندن نابێت هەرگیز لە دەوڵەتی ئێراندا هەبێت. ئەمە هێڵی سوورە، کەواتە دەبێت بەرنامەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، واتە هەرسێ بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فوردۆ و ئەسفەهان هەڵبووەشێندرێنەوە". ئەو هەڵوێستە تووندەی ترەمپ لە دوای تێپەڕبوون بە چەند فلتەرێكی هەڵۆ نزیکەکان لە لۆبی ئیسرائیلدا گەڵاڵە بووە.
دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکا و حوسییەکان بەسەرپەرشتى عومان ئەنجامیاندا، بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لایەنێکی ئەو ڕێککەوتنە نییە، ئەوان بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە یەمەن. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حوسییەکان و دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتنە ئێمە پابەند ناکات، ئەوانیش باجەکەی دەدەن". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە پلانیان هەیە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی حوسییەکان پەرەپێبدەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی فراوانتر و توندوتیژتر ئەنجام بدەن. هەروەها بەرپرسانی دیکەش ئاشکرایان کردووە کە سەرکردایەتی سەربازی ئیسرائیل بیر لە دەستپێکردنی هێرشی ئەگەری بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دەکاتەوە و هۆشداریشیان داوە کە تاران بە ئاسانی لە سزا ڕزگاری نابێت. سێ رۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت. رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات حووسییەکان رایانگەیاند، چیدی کەشتیی بازرگانی لە سنوورە ئاوییەکان هەراسان ناکەن. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە بەرامبەردا ئەوانیش هێرشەکانیان لە دژی ئەو گرووپە چەکدارییە دەوەستێنن، کە ئێران پشتگیریان دەکات. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان ناوەتەوە. هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە هەزار پێگەی لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان داوای هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و پێشنیازی نێوەندگیری خستەڕوو. تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: روبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ هاوتاکانی، داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە پەیوەندییە راستەوخۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵەتێگەیشتن لە ململانێیەکانی نێوانیان بەدوور بگرن. ئاماژەی بەوەشکردووە، روبیۆ بەردەوام بووە لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی ئەمریکای دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی بنیادنەرانەى نێوان هەردوو وڵات و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان. هەر لەوچوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریکردن لەنێوان هیندستان و پاکستان دەربڕی. سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی سوپای هیندستان دەستپێکرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی چەند کاتژمێری رابردووی هیندستانە کە سێ بنکەی ئاسمانیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. هاوکات، سوپای هیندستان رایگەیاند، ناوچە سنوورییەکانى وڵاتەکەى رووبەڕووی هێرشی نوێی پاکستان بوونەتەوە.
عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە سوریا روویانداوە، وتیشی: مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا زۆر پێویستە. سەرۆک کۆماری کۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لوتکەی عەرەبی دەرکردنی بڕیاری باش سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان بەخۆوە دەبینێت، ئاستی بەشداری سوریاش لە لوتکەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە دیاری دەکرێت. سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشكرد: پێشوازی لەو گۆڕانکارییە دەکەین کە لە سوریا روویانداوە، هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی گەلی سوریا دوای چەندین ساڵ لە ئازار و مەینەتی لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین. جەختیشی لە گرنگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری سوریا كردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە بوونی هەندێک گروپ لەسەر سنوری هاوبەش لەگەڵ سوریا. سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرۆك كۆمار رایگەیاند: دانوستانەكان چارەنوسی هێزەکانی هاوپەیمانی له وڵات دیاری دەکەن، ئەگەر پێویست بوو رێککەوتنەكان بگۆڕدرێت له گەڵ ئەمریکا، ئه وا دەیکەین. دووپاتیشكردەوە، هێزەکانی عێراق رێگە بە هیچ گروپ و رێکخراوێک نادەن خاکی ئێمەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنن.
بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار کە قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردووە، ماوەیەکە قەتەرییەکان بەدواى تەرمی ئەو ئەمریکییانەدا دەگەڕێن کە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لەسوریا لەچەند ساڵى ڕابردوو کوژراون. دوو سەرچاوە کە لەبارەی ئەرکەکەوە ئاگادارکراونەتەوە ڕایانگەیاند، نوێنەرایەتییەکی قەتەر دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای پاشماوەی ئەو بارمتە ئەمریکییانەی کە دە ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا کوژراون، ئەمەش هەوڵێکی درێژخایەنی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان زیندووکردووەتەوە. دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)کە لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ بەشێکی زۆری سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو، سەری ژمارەیەکی زۆر کەسی لە دیلدا بڕییەوە، لەنێویاندا بارمتە ڕۆژئاواییەکان و ڤیدیۆی کوشتنەکانی بڵاوکردەوە. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، گرووپی گەڕان و فریاگوزاری نێودەوڵەتی قەتەر لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە بە یاوەری چەند ئەمریکییەک، دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە. ئەو گرووپە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن دەوحەوە بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکانی مەغریب و تورکیا ڕەوانەی ناوچە بوومەلەرزەییەکان کراوە، تا ئێستا پاشماوەی سێ تەرمیان دۆزیوەتەوە. یەکێک لە سەرچاوەکان - سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا - ڕایگەیاند کە هێشتا پاشماوەکان دەستنیشان نەکراون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەو بابەتە. نوێنەرایەتی قەتەر لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی دۆحە و هاوپەیمانەکانی دیکەی عەرەبی کەنداو لە هەفتەی داهاتوودا و لە کاتێکدا ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانی سوریا کە هاوپەیمانی نزیکی قەتەرن، داوای ڕزگاربوون لە سزاکانی ئەمریکا دەکەن.
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی سەدان سەربازی وڵاتەکەى دەکات، کە لە پاکستانن و ئێستا ئەو وڵاتە تووشى ئاڵۆزى و شەڕ بووە لەگەڵ هیندستان. بە گوێرى رێککەوتنى نێوان بەغداد و ئیسلام ئاباد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی گەڕاندنەوەی 500 کارمەندی هێزە تایبەتەکانی عێراقی دەرکردووە، کە ماوەیەکە بۆ مەشق و راهێنان لەو وڵاتەن. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە “لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای نێوان پاکستان و هیندستان دەنرێت، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی کارمەندانی ئەمنیی عێراقى”. چەند رۆژێکە گرژیی و ئاڵۆزى لە نێوان هیندستان و پاکستان دروست بووە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکى و هێرشى چەند گرووپێکى چەکدارى لە هەرێمى کشمیرى ناوچە ناکۆکى نێوان هەردوو وڵات. ئەمڕۆ گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات زیاتربوون، دواى ئەوەى پاکستان بە فڕۆکە و مووشەک هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى هیندستان. دواتریش هیندستان بنکە سەربازییەکانی پاکستانی کردە ئامانج و رایگەیاند، وەڵامى هێرشەکانى پاکستانمان داوەتەوە و بەردەوام دەبین لە بەرگرى لە خۆمان و سەروەرى وڵاتەکەمان.
لە کاتێکدا کە پەرەسەندنی بێ وێنەی نێوان هیندستان و پاکستان لە چوارشەممەی ڕابردووەوە بەردەوامە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە کە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هەردوولا ڕوویداوە. هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسلام ئاباد بەدوای کۆبوونەوەیەکدایە لەگەڵ نیودەلهی، بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن نیوز. هەروەها ڕوونیکردەوە کە دۆخی ناوخۆی پاکستان "خراپ" بووە، ئەمەش وایکردووە ئیسلام ئاباد بەدوای پەیوەندیدا بگەڕێت لەگەڵ نیودەلهی. ئاماژەی بەوەشکرد، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هیندستان دامەزراون بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وڵات. بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هیندستان و پاکستانەوە نەبووە. شەوى سێ شەممەى ڕابردوو هیندستان هێرشێکی موشەکی بۆسەر چەند ناوچەیەکى پاکستان دەستپێکرد و سوپای پاکستانیش بەڵێنى وەڵامدانەوە دەدات، لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکى ئەتۆمی ماوەیەکە پەرەی سەندووە. گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات لە ناوەڕاستى نیسانى ئەمساڵەوە زیادیانکردووە، ئەوەش دواى هێرشى چەکداران لەناوچەى باهالگامى هەرێمى کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ سەر ژمارەیەک گەشتیار کە بەهۆیەوە 26 کەس کوژران. هیندستان پەنجەى تۆمەتى ئاڕاستەى پاکستان کرد، ئەوەش گرژیی لە نێوان هەردوو وڵات لێکەوتەوە. لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان محەمەد ئیسحاق دار تەنیا ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ کەمکردنەوەی دۆخەکە ئەگەر هیندستان پابەند بێت. ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە "تۆپەکە لە یاریگای هیندستاندایە سەبارەت بە کەمکردنەوەی دۆخی ئەمنی". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هیندستان هێرشی زیاتر ئەنجام نەدات، وڵاتەکەی بیر لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دەکات. زیادبوونى گرژیی نێوان دەوڵەتانی دراوسێ بەهۆی کۆمەڵکوژی گەشتیاران لە مانگی ڕابردوودا لە کشمیر کە لە ژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە، سەریهەڵدا. لە بەرامبەردا هیندستان ڕۆژی چوارشەممە "ئۆپەراسیۆنی سندوور"ی لە هەردوو شاری کشمیری پاکستان و پاکستان بەڕێوەبرد و ڕایگەیاند کە "ژێرخانی تیرۆریستی" دەکاتە ئامانج.
بڕیارە، واشنتۆن و تاران ڕۆژی یەکشەممە خولی نوێی دانوستانەکان ئەنجام دەدەن، بەسەر پەرشتى ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکانیان دەکەن. پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان بۆ سازدانی گەڕی چوارەم دانوستان لە رۆژی یەكشەممەی ئایندە، لەلایەن تارانەوە پەسەندكراوە. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەچاوپێکەوتنێکدا بەمیدیاکانى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە، ئەگەر دانوستانەکانی یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بەرهەمى نەبێت بەردەوام نابین و ڕێگایەکی دیکە دەگرینە بەر، ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئێرانییەکان لە دۆخێکی ئارامتردان وەک لە دە ساڵ لەمەوبەر. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ویتکۆف، وتیشى: ڕێگریکردن لە ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم، واتە ڕێگریکردن لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی. ئەو هەروەها باسی لەوە کرد کە لە کاتی دانوستانەکاندا ئێران دووپاتی کردۆتەوە کە نایەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەمەش شتێک کە ساڵانێکە بەرپرسانی ئێران دەڵێن. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە، 8-5-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی نهێنی لە کۆشکی سپی لەگەڵ 'ڕۆن دێرمەر'، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل و چەند ڕاوێژکارێکی نزیکی نەتانیاهۆ کۆبووەتەوە و سەبارەت بە ئێران گفتوگۆیان کردووە و لایەنی ئیسرائیلی نیگەرانیی خۆیان لە ئاراستەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران نیشان داوە.
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕێکبکەوێت. هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بگاتە ڕێککەوتنی ئاگربەست. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە ئەگەر بە قسەی نەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس نەکات، ئەوا ئیدی لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ دەخرێت و هاوکاری ناکرێت. ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرایلییەکان کۆبووەتەوە، ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرتووە لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەست. ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایگەیاندووە، ئەگەر بارمتەکان تا ئەمڕۆ باجی کۆتایینەهێنانیان بە جەنگ دابێت، ئەوا ئەمڕۆ ئیسرائیل زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات. ویتکۆف جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل بە هۆش خۆی نەیەتەوە، ئەوا باجی لە دەستدانی ئەو دەرفەتانە دەدات کە ئەمەریکا پێی داوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە ئەگەری هەیە ئەو باجانەى کەلەسەر چین داینابوو کەمى بکاتەوە بۆ 80%، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بەرزیکردەوە بۆ 145%، ئەمەش جۆرێک لەپەشیمان بوونەوە دەردەخات لەهەڵوێست و بریارەکانى پێشووترى ترەمپ. "بە ڕواڵەت باجی 80% لەسەر چین بڕیارێکی دروستە!" ڕۆژی هەینی لە پۆستێکی کورتدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەمەى نووسیویە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە ئەستۆی سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکایە. لە سەرنجێکی دیکەدا ترەمپ داوای لە چین کردووە "بازاڕەکانی بەڕووی ئەمریکادا بکاتەوە"، پێی وایە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "بازاڕە داخراوەکان چیتر ناتوانن بەردەوام بن"، وەک خۆی دەڵێت. سەرچاوە ئاگادارە ئەمریکییەکان دوێنێ بڵاویان کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی باجی 145% لەسەر هاوردەکردنی چین بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند، ڕەنگە باجەکان کەمبکاتەوە. رۆژی 01-04-2025 حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی بۆ وڵاتانی جیهان راگەیاند چەند ڕۆژێک دواتر ترەمپ لە بەرامبەردا چینی بە تێکدانی بازاڕی جیهان تاوانبار کرد و پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 125٪ بەرزکردەوە. رۆژێک دواتریش پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 145٪ بەرزکردەوە. لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکادا، چین پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا بۆ 84٪ بەرزکردەوە.