ناتانیاهۆ: حەماس دەبێت چەک بکرێت بەهەر رێگەیەک بێت

دوێنێ



سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: حەماس دەبێت چەک بکرێت جەختیشدەکاتەوە ئەوە قسەی کۆتایی ئەو و دۆناڵد ترەمپە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دژی دامەزراندنی دەوڵەتن بۆ فەلەستین لە هەر ناوچەیەکی رۆژئاوای ئوردن بێت، هەروەها بۆچونی ئەوان سەبارەت بەو پرسە نەگۆڕە.

وتیشی، ئەو و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کۆتاییان ئەوەیە کە حەماس چەک بکرێت بەهەر رێگەیەک بێت،  تەنانەت ئەگەر بەرێگەیەکی ئاسان بێت یاخود سەخت.

ناتانیاهۆ راشیگەیاند، پێویستی بە ئامۆژگاری و رێپشاندەری هیچ کەس نییە، ئەوەی بیەوێت جێبەجێ دەکات لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەی.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە رەشنوسێکدا ئاماژە بە دەوڵەتێکی فەلەستینی دراوە، کە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، سەبارەت بە هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.

لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای جێبەجێکردنی پڕۆگرامی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی، هەروەها پێشکەوتنی دووبارە پەرەپێدانی غەززە، رەنگە بارودۆخەکان لە کۆتاییدا ئامادە ببن بۆ رێڕەوێکی متمانەپێکراو بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی فەلەستینی و دامەزراندنی دەوڵەت.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمە هەمان دەستەواژەی بەکارهاتوو لە پلانی غەززەدا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە ناوی دەوڵەتی فەلەستینی لە دەقی بڕیارە سەرەکییەکەدا باس دەکرێت نەک لە پاشکۆکەیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار