دۆناڵد ترەمپ: سزای قورستر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، بە توندی سزای دەدەین.
ترەمپ، دوێنێ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆمارییەکان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەر وڵاتێکدا کە مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات. ئاماژەی بەوەش دا، لەوانەیە ئەو یاسایە ئێرانیش بگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: وەک دەزانن، ئەوە پێشنیازی منە؛ بۆیە هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ڕووسیادا بکات، سزای زۆر سەختی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەوانەیە وەک من پێشنیازم کردووە، ئێرانیش یەکێک بێت لەو وڵاتانە.
هەفتەی پێشوو، ئیدارەی ترەمپ، نوێترین گوژمەی سزای بەسەر چەند کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند کە پشتیوانیی تاران دەکەن. بەرپرسانی ئێرانیش ئەو سزایانەیان بە نایاسایی لە قەڵەم دا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایانگەیاند لە هەوڵەکانیان بۆ لابردنی سزاکان کە باری ئابووری وڵاتەکەی سەخت کردووە، بەردەوام دەبن.
واشنتن، سزای بەسەر دوو لە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیا 'ڕۆزنەفت' 'لۆک ئویل' و کۆمپانیا هاوکارەکانیان، کە زیاتر لە %50 بەشیان هەیە، سەپاند. سزاکە پیشەسازییە بەرگرییەکان، بانک و کۆمپانیاکانی وزە و تەکنۆلۆجیا دەگرێتەوە.
مەبەستی سەرەکی ئەمەریکا لە سەپاندنی ئەو سزایانە، کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیایە لە فرۆشتنی نەوت و گاز کە سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانیی دارایی جەنگی ئۆکرانیان، بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچاری ئاگربەست و بەشداریی دانوستانی ئاشتیی لەگەڵ کیێڤ بکات.
