ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
لە ١٥ی ئازارەوە ئەمریکا ڕۆژانە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن و هەڕەشەی زیاتریان لێدەکات. هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ کەناڵی ABC News ئاشکرای کردوە کە ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان لە ١٥ی ئازارەوە بۆ نزیکەی ٧٥٠ هێرش بەرزبووەتەوە. هەروەها ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، حوسییەکان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان MQ-9 Reaper ی هێزی ئاسمانی ئەمریکایان خستۆتە خوارەوە، کە شەش فڕۆکەیان لە 15ی ئازارەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەفتەی ڕابردوودابووە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 Reaper زانیاری چاودێری و سیخوڕی لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدەن و لە دیاریکردنی ئامانجەکان بۆ هەڵمەتەکان زۆر گرنگن. بەپێی ئاماری خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، هێزی ئاسمانی ئەمریکا نزیکەی ٢٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper لە کۆگاکانیدا هەیە، کە هەریەکەیان نزیکەی ٢٨ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی F/A-18 ئەنجام دراون کە لە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ناوچەکەوە هەڵدراون، هەروەها 12 فڕۆکەی جەنگی دزێوی B-2 لە دیێگۆ گارسیا کە دوورگەیەک لە زەریای هیندستانە. هاوکات، تێچووی هەڵمەتە ئاسمانییەکە زیادی کردووە، بەهۆی گواستنەوەی سەروەت و سامانی زیادە بۆ ناوچەکە، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، کە ڕایانگەیاندووە، تێچووی تەقەمەنی لە سەرەتای مانگی نیساندا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە لە تەقەمەنی و پێشبینی دەکرێت بەم زووانە تێچوونەکانی بۆ یەک ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.
پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی باس لەکشانەوە دەکەن، ئەمریکا لەم مانگهدا (نیسان) ڕەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیادکردوە. سەرەڕای زیادبونی لێدوانەکان سەبارەت بەنیازی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، پێشهاتەکانی سەر زەوی ئاماژەی بەپێچەوانەوە دەدەن، بەوپێیەی گەیاندنی هاوکاریی سەربازییو لۆجستی بۆ بنکەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب لەم مانگهدا زیادیانکردوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەكه لەڕاپۆرتێکدا پوختەی جوڵە سەربازییو گەیاندنی هاوکارییە سەربازییو لۆجیستییەکانی ئەمریکای بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەمانگی نیساندا بڵاوکردوهتەوە کە بهگوێرهى ئەوە، ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی لەمیدیاکاندا باسی لێوەدەکرێت، بونی سەربازیی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترکردوە، بەمشێوەیە: 1ـ بەهێزکردنی بونی سەربازیی: لەم مانگەدا هاتنی 7 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییو 279 بارهەڵگری پڕ چەکو هاوکاریی لۆجیستیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی ڕادارو ئامێری سەربازیی پێشکەوتوو و زرێپۆشو مۆلیدەی کارەباییو تانکەری سوتەمەنییان گەیاندوە. 2ـ بەهێزکردنی ئەو بنکانەی پێشتر بەئامانج گیراون: بەهێزکردنەکان زیاتر فۆکەسی لەسەر بنکەکانی خەراب جیر، قەسرەک، شەدادی، غوەیران بوە، جگە لەبنکەکانی ڕەققەو کۆبانێ. 3ـ ئاسایشی ئاسمانییو چاودێریی: هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەیاوەری زۆرێک لەکاروانەکان بون، لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لەکاتی پڕۆسەکانی دابەزاندنی هاوکارییەکان. 4ـ سیستەمی ڕادارو چاودێریی: هەندێک بنکەکان بەئامێری چاودێرییو موشەکیی دژە فڕۆکەو کامێرای گەرمیی خوێنەوە تەیارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو. 5ـ لێدوانی دژبەیەک: سەرەڕای بەردەوامی بەهێزکردنەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەنیازی ئەمریکیەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازییان لەڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سنوردار لەشەدادیو قەسرەکو ناوچەکانی باکوری حەلەبو ڕەققە. لێدوانەکان سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەگەڵ چالاکییە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا ناگونجێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەسوریا لەماوەی داهاتودا دروستدەکات، چ لەڕوی جێگیرکردنو چ لەڕوی ئامانجە سەربازییو سیاسییەکانەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، لەگەڵ ئێران ناگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر ئەو وڵاتە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت لەگەڵ واشنتن ڕێکبکەوێت، پێویستە لەسەری دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، بەپێچەوانەوە هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت. وەکوو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی کرد "ئەگەر ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە، دەتوانێت وەکو وڵاتانی دیکە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دەرەوە هاوردە بکات نەک خۆی بیپیتێنێت." لەبارەی ئەوەی گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشتن و تاران گەیشتوونەتە چ ئاستێک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا "هێشتا لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر دوورن، بەڵام دەخوازن بگەنە ڕێککەوتن." لە 12ـی نیسانەوە ئێران و ئەمەریکا دووجار بە ناڕاستەوخۆ کۆ بوونەتەوە و دانوستانیان لەسەر چەکی ئەتۆمی کردووە، یەکەمیان لە عوممان و دووەمیشیان لە ڕۆما بووە. وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاندووە، سێیەم دانوستان لە 26ـی نیسان لە مەسقەت بەرێوە دەچێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە؛ سەقامگیریی رۆژاڤای كوردستان، پتەوكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئاژانسەکانى هەواڵى ڕؤژئاوا بڵاویانکردەوە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی. ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجام دراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا. فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.
وەزیری دەرەوەى فەرەنسا و مەسرور بارزانی کۆبوونەوەو پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنساى دووپات کردەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا . سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .
لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوتەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەڵێت: هەر ئاژاوەیەک لە سوریادا ڕوبدات زیان بە هەموو جیهان دەگەیەنێت نەک تەنها وڵاتانی دراوسێ. ئەحمەد شەراع بە دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق ڕایگەیاند کە "وڵاتانی ناوچەیی و ئەوروپی گرنگی بە سەقامگیری سوریای نوێ دەدەن لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد". سەبارەت بەبوونى هێزی بیانی لەوڵاتەکەى، سەرۆکى کاتى سوریا، بەڕۆژنامە ئەمریکیەکەى ڕاگەیاندووە: هەموو لایەنەکانەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کەبوونى هێزى سەربازیی هەرلایەنێک لەسوریا دەبێت پابەندى یاساکانى وڵاتەکەمان بێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوى وتووە: هەر ئامادەبوونێکی بیانی لە سووریا نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری خاکەکەمان. یەکشەممەی ڕابردوو، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی لە باشووری سوریا بە مەبەستی "بەرگریکردنە لە خۆمان بە باشترین شێوە". بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، زەمیر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە باشووری سوریا زیادیکردووە، "ئێمە خاڵە سەرەکییەکان کۆنترۆڵ دەکەین و لەسەر سنوور ئامادەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خۆمان بپارێزین". لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوییان کردووە بۆ بەرزاییەکانی جۆلان، کە گەورەترین بەشەکەی لە ساڵی 1967 داگیریان کردبوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 1981دا بیخەنە ژێر دەسەڵاتەوە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بە هاوبەشی داوایان لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی بێ بەربەستی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە. رۆژی 18ـی ئادار ئیسرائیل دەستی بە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی کردەوە، کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا. راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە 02-03-2025 دەستیپێکرد و دۆخی خراپی کەرتەکەی خراپتر کرد. ئەو وەزیرانە لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن: نابێت هەرگیز هاوکارییە مرۆییەکان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێت و خاکی فەلەستینیش کەمبکرێتەوە و نە بخرێتە ژێر هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافییەوە". هاوکات داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەست و داوایان لە حەماس کرد دەستبەجێ ئەو بارمتە ماونانە ئازاد بکات. کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکاری بۆ غەززە. کاتس گوتی: "سیاسەتی ئیسرائیل دیارە: هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ناچێتە نێو غەززە، راگرتنی ئەو هاوکارییە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گوشارکردن بۆ ئەوەی حەماس وەکو ئامرازێک بەکاری نەهێنێت."
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی وتووێژی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا. عراقچی وتیشی، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات. لەلایەكی ترەوە، مایک والتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەمڕۆ، سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوە زیاتر لە ئیدارەکانی پێشوودا بینیوتانە. واڵتز جەختیكرد، هیچ بڕگەیەکی هاوشێوەی بڕگەكانی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە نابێت کە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، لەگەڵ ئێران ئەنجامی داوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی زۆر ڕوون بووە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، راشیگەیاند، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن سەبارەت بە ئێران، بەڵام ترەمپ پێی باشترە بگاتە رێککەوتن. راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، سەرۆک ترەمپ دەزانێت چۆن ئامرازەکانی فشار بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنێت. سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران وتی: ئاماژەی ئەرێنیمان به م ئاڕاسته پێدەگات.
ڤاتیکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، پرسەی پاپا فرانسیس ڕۆژی شەممە کاتژمێر 10:00 بەیانی بەکاتى ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت. پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، ڕؤژى دووشەممە، 21-04-2025، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لە بەیاننامەکەى ڤاتیکاندا هاتووە، دوای پرسەکە تەرمەکەى دەگوازرێتەوە بۆ بازیلیکای سانتا ماریا ماجیۆر لە ڕۆما و پاپا فرانسیس لەوێ بەخاک دەسپێردرێت. بڕیارە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەی پرسەکە بن. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەرازیل بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرسەکە ڕاگەیاند و نوێنەری کەنیسە و ئایینە مەسیحییەکانی جۆراوجۆریش بەشداری دەکەن. ئێستا تەرمی پاپا فرانسیس لەناو تابوتێکدایە لە بازیلیکای سانتا مارتا، کە لە ماوەی ١٢ ساڵەی پاپایدا لەوێ نیشتەجێ بووە. پاپا فرانسیسی ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی لە بەیانیی دووشەممە، 21-04-2025، گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هەوکردن و کێشەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنرا و پێش پێنج هەفتە هاتە دەرەوە. پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا. بەگوێرەی ڤاتیکان، پاپا لە وەسیەتی خۆیدا داوایکردووە لە رۆما لە کەنیسەی (ماریی گەورە) بەبێ "دیکۆر" بنێژرێت. زۆربەی پاپاکانی پێشوو لە کەنیسەی سەینت پیتەر نێژراون. ڤاتیکان رایگەیاند، پاپا هەروەها داوایکردووە ناوی خۆی بە لاتینی لەسەر کێڵەکەی بنووسرێت (Franciscus). پاپا فرانسیس کەمێک پێش گیان لەدەستدانی، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریكا بكات، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند لایەنێک دەیانەوێت لە ڕێگەی فشاری میدیایی و ئاراستەكردنی سیاسییەوە ڕێرەوی دیپلۆماسی بشێوێنن. ئاژانسی تەسنیم، لەڕاپۆرتێکدیدا ئاماژەى بە پۆستکێکى پێشووى عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوە کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت: ئەوكاتەی ڕەزامەندیم لەسەر وتارەكەم لە كۆنگرەی كارنیگی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتە ئەتۆمییەكان دەربڕی، هێشتا ئەمەریكا و ئێران كاتی گفتوگۆی داهاتوویان دیاری نەكردبوو، كە بڕیارە چوارشەممە گفتوگۆی پسپۆڕان و شەممەش لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە". هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوەو ئاماژەى بەوتەیەکى پێشترى خۆیکردوە کە ئێران ناچێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمەریكا. عێراقچی ئەوەش دەڵێت: لە وتارە ئامادەكراوەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵی چەند گروپێكی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت داوە بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گفتوگۆكان ئەویش لە ڕێگەی شێواندنی وێنای دانوستانكارە ئێرانییەكان، هەروەها هاندانی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ زیاتركردنی داواكارییە قورسەكانی، بە ئامانجی ئەوەی رێرەوی دیپلۆماسی لە رێرەوی خۆی لا بدەن". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "من راهاتووم روبەڕووی پرسیاری قورسی ڕۆژنامەنوسان ببمەوە، یاخود وەڵامی ترسی هاوڵاتیانی ئاسایی بدەمەوە، بەڵام گۆڕینی وتارەكە بۆ دانیشتنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەبێتە گفتوگۆی ئاشكرا، ئەوەش شتێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێتە هۆی بێزاربوونی بەشێك لە ئامادەبووان كە دەیانەوێت زانیاریی ورد لەبارەی رێرەوی گفتوگۆكان بزانن". رۆژی یەكشەممە 20 ی نیسان، گەڕی دووەمی دانوستانە نافەرمییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتیی دیاریكراو كۆتایی هات.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راوێژکارە متمانەپێکراوەکانی پێشووی تۆمەتباردەکات بەوەی دژی وەستاونەتەوە، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی ناردنی پلانی هەستیاری سەربازی وڵاتەکەی بۆ هاوسەرەکەی و براکەی و پارێزەر و کەسانی دیکە. پیت هێگسەس رایگەیاند، ژمارەیەک کەس کە کۆمەڵێک بابەتی مشتومڕاوییان دزەپێکردووە و لە کارەکانیان دەرکراون. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانیش، دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ وەزیری بەرگریی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هێگسس کارێکی گەورە ئەنجامدەدات. کۆشکی سپیش، پێیوایە پیلانێک لەدژی هێگسس لەلایەن گرووپە بچوکە یاریدەدەرە دڵسۆزەکانی پێشترییەوە هەیە کە بە دزەپێکردنی زانیاری هەستیار تۆمەتبارکرابوون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئێستا دەیانەوێت وەزارەتی بەرگرییش بگرێتەوە. هاوکات، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، تەواوی پنتاگۆن دژی وەزیری بەرگریی و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەن کە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆتایی هاتنی خولی دووەمی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا وتووێژێکی زۆر باشی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەنگاوى دواتر چی ڕوودەدات، ترەمپ وەڵامی دەداتەوە، “هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە پێویستمان بە کەمێک کات هەیە”. ڕۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. هەروەها ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەشبینی خۆی دەربڕی بەرانبەر کۆبوونەوەکان، کەشوهەواکەی بە هاندەرانە و پڕ لە توانای پێشکەوتن زانی، سەرەڕای ترسی ڕاستەقینە پێش دەستپێکردنی خولەکە کە ڕەنگە دانوستانەکان سەرکەوتوونەبن یان شکستبهێنێت. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
پێش بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوە بچێت، بڕیارە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چین بکات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەباس عێراقچى، ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی ڕاوێژ سەردانی پەکین دەکات. وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە سەردانەى هەفتەی ڕابردوویدا بۆ مۆسکۆ، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین لەبارەی پرسی ئەتۆمی ڕاوێژ دەکات. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئەوەشى ڕونکردەوە، وڵاتەکەى بەمدواییانە بەردەوام ڕاوێژى لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کردوە سەبارەت بەوتووێژکانیان لەگەڵ ئەمریکا. ناوبراو جەختی کردوە کە داواکاری سەرەکی تاران لە هەر دانوستانێکدا هەڵگرتنی گەمارۆکانە، جەختی لە سەر پێویستی مسۆگەر کردنی ئەمە کردەوە، هەروەها هەموو ئەو سزایانەى بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراون، به ناڕەوا و نایاسایی زانی. هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەدات.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵییە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینە. - لە 17-12-1936 لەدایکبوو، یەکەم کەسی بە بنەچە ئەمریکای باشوور بوو کە ببێتە پاپا. ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەورووپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ئەو نازناوەی وەرگرتبێت. - لە 13ی ئاداری 2013ـەوە وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرابوو. - پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردرابوو. - پێش ئەوەش سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم نازناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی. - ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز. - پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئۆکراینی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی. - بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا. ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاریی لە رێسا و یاساکاندا ھەیە. - خێزانی پاپا فرانسیس بە بنەچە ئیتاڵین، بەڵام لە سەردەمی حکومڕانیی فاشیستی ئیتاڵی، خێزانەکە بە ناچاریی ئیتاڵیا بەجێدەھێڵن و بەرەو ئەرجەنتین کۆچ دەکەن. - لە منداڵییەوە حەزی بە میوزیک و فیلم و کولتووری وڵاتانی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای کردووە. - لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاریی تۆپی پێ بووە و ھاندەرێکی سەرسەختی مارادۆنا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بووە.