پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئەمریکا پشتیوانی بۆ پێشمەرگە و هەسەدە مسۆگەر دەکات
4 كاتژمێر لەمەوپێش
پڕۆژەیاسایەکی فراوانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، مەرجی نوێ بۆ پێدانی بودجە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دادەنێت، لە هەمان کاتدا گەرەنتیی بەهێز بۆ کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەستەبەر دەکات و نەخشەڕێی داهاتووی واشنتن بۆ قەیرانی سووریا دیاری دەکات. پڕۆژەیاساکە بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەسەدە بمێنێتەوە و "بەشێک بێت لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی داهاتووی سووریا."
پڕۆژەیاساکە کە بەشێکە لە پاکێجی ساڵانەی تەرخانکردنی بودجەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەرگری، کۆتوبەندی تووند دەخاتە سەر شێوازی بەکارهێنانی هاوکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن بەغداوە، لە بەرامبەردا پارێزبەندیی ئاشکرا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنێت و جەخت لە بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکاتەوە.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو کۆتوبەند و مەرجانەی ئەمریکا خستوویەتە سەر هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ عێراق، ئەو بودجەیە "ناگرێتەوە" کە بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە. ئەمەش دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی واشنتنە بە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر مەرجی نوێش بەسەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی بەغدادا بسەپێنرێت.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، پێشمەرگە وەک "هاوبەشێکی ئاسایشی نیشتمانی" دەمێنێتەوە و نابێت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێو عێراقەوە، بودجەکەی دوا بکەوێت یان بلۆک بکرێت.
لە هەمان کاتدا، بەڵگەنامەکە بەشێک لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دەبەستێتەوە بەوەی بەغدا تاوەکو چەند دەتوانێت هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران سنووردار بکات.
بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەمریکای پێبدرێت، پێویستە بەغدا بیسەلمێنێت کە "جڵەوی چالاکییە نایاساییەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات"، دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران بەسەر کەرتی ئەمنیدا بەهێز دەکات و لێپرسینەوە لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی دەکات کە لە "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ" یان هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان تێوەگلاون.
هەروەها واشنتن کۆتایی بە "مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز" هێنا کە پەیوەست بوو بە جەنگی کەنداوی 1991 و هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی 2002، واتە چیدیکە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو عێراق، کار بەو یاسایە ناکرێت.
پڕۆژەیاساکە بڕگەی وردی لەسەر سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێدایە و پێنتاگۆن پابەند دەکات بەوەی ساڵانە راپۆرتی ئاشکرا لەسەر هەزاران زیندانیی داعش بڵاوبکاتەوە کە لەژێر دەستی هەسەدەدان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە، پێنتاگۆن دەبێت هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخی زیندانەکان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناردنەوەی زیندانییەکان و مەترسییە درێژخایەنەکانی زیندانەکان بدات، کە فەرماندە ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، دەبنە خاڵی تەقینەوەی دۆخەکە.
هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا رادەسپێردرێن کە بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی هەسەدە - وەک هاوبەشی سەرەکیی واشنتن دژی داعش - و کارکردن لەگەڵ ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بۆ سەقامگیریی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون.
پڕۆژە یاساکە بە روونی دەڵێت: "دەبێت هەسەدە بەشێک بێت لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی داهاتووی سووریا" و داوای "حکومەتێکی گشتگیری سووری" دەکات کە مافی پێکهاتەکان، بە کورد و ئەوانی دیکەوە بپارێزێت.
هەروەها دەسەڵاتی پێدانی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ "گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە پەسەندکراوەکانی سووریا" تاوەکو ساڵی 2026 درێژکرایەوە.
