سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، مایکل ڕیگەس سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ڕاشیگەیاند ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاندووە: هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت،لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت.
هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمەریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی ئەمەریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
