ترەمپ: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعوودیە دەکەین
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ترەمپ وتی، "کۆبوونەوەکەمان باشبوو و سعودیە وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات. ڕاشیگەیاند، پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "شازادەی جێنشینی سعودیە هاوڕێیەکی نزیکی منە و لە کۆشکی سپیدا ڕێزی زۆری لێدەگیرێت. کارکردن لەگەڵ سعودیە دەرفەتی نوێ بەڕووی ئەمریکا دەکاتەوە و ئێستا پەیوەندییەکانمان لە باشترین کاتیدایە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ وتی، "سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار دەستیان بە وەبەرهێنان لە ئەمریکا کردووە و هیوادارم بەهای وەبەرهێنانیان لە وڵاتەکەماندا بگاتە یەک تریلیۆن دۆلار".
ئاماژەی بەوەشکرد، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، هاوکات وتیشی، سعوودیە فڕۆکەی ئێف 35 لە ئەمریکا دەکڕێت و پێم وایە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سعوودیە دەکەین.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، باوەڕمان بە داهاتوویەکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەتوانین بەهای وەبەرهێنانمان لەو وڵاتە بگەیەنینە یەک تریلیۆن دۆلار.
لەلایەکی دیکە؛ وتیشی، بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کاردەکەن "بۆئەوەی بەمزوانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە و ببنە بەشێک لە ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی".
