ترەمپ: کۆبوونەوەکەم لەگەڵ شی جین پینگ زۆر سەرکەوتوو بوو
8 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە کۆریای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە (Air Force One) وردەکاریی گفتوگۆکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد. ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" وەسف کرد و ئاماژەی بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی گرنگ و هاوئاهەنگی لەسەر دۆسییە هەستیارەکانی وەک ئۆکرانیا کرد.
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکە، واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بوو لەبارەی کانزا دەگمەنەکان. ترەمپ ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنمان لەبارەی کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ چین واژۆ کرد." ناوبراو ئاشکرای کرد کە "ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێکە و دەکرێت درێژبکرێتەوە." هاوکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی باجی پەیوەست بە ماددەی فێنتانیل بۆ 10% و جەختی کردەوە کە ناکۆکیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات "چارەسەر کراوە."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پرسی ئۆکرانیا بە فراوانی لە گفتوگۆکاندا باس کراوە. ترەمپ وتی: "لەگەڵ چین لەسەر دۆسییەی ئۆکرانیا کاردەکەین،" و ئاماژەی بەوەدا کە شی جینپینگ بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
سەبارەت بە دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، ترەمپ ڕایگەیاند کە بەهۆی "سەرقاڵییەوە" نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت، بەڵام حەز و ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر. ترەمپ وتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور."
لە وەڵامی پرسیارێکدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە بابەتی تایوان بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراوە. وتی: "بابەتی تایوان هەرگیز نەهاتە پێشەوە. لە ڕاستیدا گفتوگۆی لەسەر نەکرا."
لە کۆتاییدا، ترەمپ جارێکی تر کۆبوونەوەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات. هەروەها ستایشی شی جینپینگی کرد و بە "سەرکردەیەکی مەزنی وڵاتێکی زۆر بەهێز" ناویبرد، کە ئاماژەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین.
