ئەمەریكا چەكی قورس دەباتە ڕۆژئاوای كوردستان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



دوو فڕۆكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دەباتە بنكەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی هەواڵێكی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوو فڕۆكەی بارهەڵگری ئەمەریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كاردەكەن، بە باری چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و پشتیوانی لۆجیستییەوە لە بنكەی "خەراب جەیر" لە دەوروبەری رمێلان نیشتوونەتەوە كە دەكەوێتە باكوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان.

ئەو جموجوڵە نوێیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان.

لە 21 ی ئەم مانگەش، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمەریكا كە دوو هێلیكۆپتەری سەربازیی دەیانپاراست، لە بنكەی "خەراب جەیر" لە رمێلان نیشتوونەتەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەكان، ئەو دوو فڕۆكە بارهەڵگرەی دواین جار لە بنكەكە نیشتوونەتەوە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەڵگرتووە، لەگەڵ هاوكاری لۆجیستی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، ئەو هاوكارییە سەربازییانەش ماوەیەكە زیادیانكردووە.

پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا.

ساڵانێكە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرن، جگە لەوەی لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق- سوریا-ئوردن و لە بنكەی تەنەف جێگیربوون.

سەرەڕای پشتیوانی دارایی، بەشێك لەو پاڵپشتییە داراییەی كە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، كە لە چوارچێوەی كاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنكەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار