ترەمپ 48 کاتژمێر مۆڵەت دەداتە حەماس
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی کردەوە.
ترەمپ ڕایگەیاند "پێویستە حەماس بە زووترین کات تەرمی بارمتەکان، بەتایبەتی تەرمی دوو سەربازی ئەمەریکی کە لای حەماس ماوەتەوە، ڕادەست بکاتەوە."
ناوبراو مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە حەماس و ڕوونیکردەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتی غەززە بژاردەی دیکەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان ئاسان نییە، بەڵام حەماس دەتوانێت ئەو تەرمانەی ئێستا لەژێر دەستیدایە بیانگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا، ئەوا واتای ئەوەیە کە حەماس بابەتەکەی بە دانانی چەکەوە بەستووەتەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، پێشتر هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاندووە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا.
بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تا ئێستا حەماس تەرمی 16 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی ڕادەست کردووە، و تەرمی 13 بارمتەی دیکە ماوە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاگربەستی غەززەدا 59 وڵات بەشدارن، کە پێشتر هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە. ئێستا هەموویان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لەنێویاندا ئێرانیش هەیە.
حەماس ڕایگەیاندووە، پابەندن بە ئاگربەستی غەززە و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشیان داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور. حەماس جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە.
