ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە

20 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران درێژنەکرێتەوە. بەمەش ئەگەر رێککەوتنێک نەکرێت، لە 28ی ئەم مانگەوە سزای تووندی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە، کە ئەوە گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ تاران.
تەنیا رووسیا، چین، جەزائیر و پاکستان لە بەرژەوەندیی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان دەنگیان دا. 9 ئەندامی دیکە، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نەخێر دەنگیاندا و گایانا خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکدا کە داوای دەکرد ماوەی هەڵگرتنی سزاكان درێژ بکرێتەوە. بەڵام پڕۆژە بڕیارەکە تەنیا چوار دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر نۆ دەنگی نەخێر.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، تارانیان بە پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبارکرد، لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاستبەرز کە گومانی لێ دەکەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاری بێنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشنیازێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ"ـی پێشکێشی زلهێزە ئەورووپییەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاكان.
باربارا ودوارد، نوێنەری بەریتانیا دوای ئەوەی دەنگی دژی پڕۆژە بڕیارەکە دا، گوتی: "داوا لە ئێران دەکەین ئێستا هەنگاو بنێت."
نوێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگایان لە بەردەم دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی داهاتوودا دەرفەت بە ئێران دەدەن دانوستاندن بکات، کاتێک سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرک کۆدەبنەوە.
پێش دەنگدانەکە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی مانگ سزا نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێنەوە. بەڵام نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گوتی، بژاردەی چارەسەری لە رێگەی دانوستاندنەوە هێشتا لەسەر مێزە.
سەرەڕای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان زلهێزە ئەورووپییەکان و تاران، سێ وڵاتە رۆژئاواییەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە هیچ پێشکەوتنێک بەدینەهاتووە.
دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی دا، گوتی: "کاریگەریی ئەم دەنگدانە ئەوەیە کە نەبوونی هیچ بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، وا دەکات، ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێش ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، دووبارە بسەپێندرێنەوە، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی ماوە 30 رۆژییەکەی سناپ باک لە 27ی ئەیلوول."

