عەلی حوسێن: باخەڵکی سلێمانی ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕين پێشبینیی زیادبوونی کورسی و دەنگی حیزبەکەی دەکات لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. دەشڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، جێگرانی سەرۆکی پارتی دەچنە سلێمانی.
عەلی حوسێن لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "پەیاممان بۆ خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان ئەوەیە دەرفەت بدەنە ئێمە بۆ ئەوەی لە ئاستی خزمەتکردنی ئەوان بین، حیزب تاقیکراونەتەوە، پێمانوایە پارتی ئەمجارە تاقی بکرێتەوە و دەنگی پارتی زیاتر دەبێ لەو هەڵبژاردنەدا"
بەرپرسەکەی پارتی لەبارەی رووداوەکانی لالەزار و بۆچوونی پارتی دەڵێ: "لێیدەگەڕێین یاسا سەروەر بێ". عەلی حوسێن: هەوڵدەدرێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێتە یەک پاکێج.
عەلی حوسێن لەبارەی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "رێژەی بەشداریی خەڵک حوکم دەکات، بەڵام لەو باوەڕەداین کورسی و دەنگمان زیاتر دەبێ، ئاسان نییە ژمارەی کورسیی پارتی دیاری بکەم لە سنووری سلێمانی."
پارتی و یەکێتی پێش بانگەشەی هەڵبژاردن دانوستاندنیان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، نەگەیشتوونەتە ئەنجام، عەلی حوسێن لەوبارەوە دەڵێ: "خەڵكێک هەیە شانازی بەوە دەکات پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە، نابێ شانازی بێ حکومەت پێکنەهاتووە، زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانن.''
لەبارەی ئەو داوا و پۆستانەی یەکێتی داوای دەکات، عەلی حوسێن دەڵێ: "ئەو پەیامانەی هەیە تای هەڵبژاردنە، رەنگە مەبەستیان بووبێ حکومەت پێکنەهێنرێت بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەی بانگەشە و هەڵبژاردن، بەڵام ئەمە پێچەوانەیە و هەڵبژاردنی داهاتووش دەری دەخات.''
لەبارەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی عەلی حوسێن پێیوایە "لە ئاستی پێویست نییە" و دەشڵێت: "پڕۆژە و خزمەت لە ئاستی داوای خەڵك نییە واقیعێک هەیە ئیدارەی ئەو سنوورە لێی بەرپرسە لەڕووی داهاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی بە چ بەرنامە و بەڵێنێک داوای دەنگی خەڵکی سلێمانی دەکەن، بەرپرسەکەی پارتی گوتی، "دەبێ خەڵکی سلێمانی لەگەڵ لایەنی سیاسی جیابکرێنەوە، خەڵکێکی بێلایەن هەن، خەڵک هەیە لە لایەنەکان رازی نییە، حیزبەکان لە سلێمانی چەندین جار تاقیکراونەتەوە و سەرکەوتوو نەبوون، با دەنگدەران و خەڵکی سلێمانی ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکە بکات.''
عەلی حوسێن لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەوەی پارتی قبووڵی دەکات پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرێتە یەک پاکێج؟ دەڵێت: "پارتی رەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەوڵدەدەن بیکەنە یەک پاکێج، دوو پاکێجی جیایە، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بکرێتە یەک، ئەنجامی هەڵبژاردن حوکم لەسەر ئەوە دەدات.''
لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سلێمانی، عەلی حوسێن ئاشکرای دەکات: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو دێنە سلێمانی، خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان لەو شوێنەی مەبەستمانە بۆ بانگەشە کۆیان دەکەینەوە و بانگەشەیەکی فراوان لەو سنوورە دەکەین.''
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی 36 بەربژێری هەیە، رکابەری لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بەشێکی 18 کورسییەکەی سلێمانی کە بەپێی بازنەی هەڵبژاردن بۆ پارێزگاکە دیاریکراوە.
